مەحموود یاسین، گەورە هونەرمەندی میسری کۆچی دوایی کرد

کوڕەکەی: هیوادارم نزای بۆ بکەن

K24 - هەولێر

مەحموود یاسین، یەکێک لە ناودارترین هونەرمەندانی میسر و جیهانی عەرەبی، لە تەمەنی 79 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.

عومرو مەحموود، کوڕی ئەو هونەرمەندە بەیانیی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 14-10-2020) لە رێگەی فەیسبووکی خۆیەوە کۆچی دوایی باوکی راگەیاند و گوتی "هونەرمەند مەحموود یاسینی باوکم، کۆچی دوایی کرد... هیوادارم نزای بۆ بکەن".

مەحموود یاسین لەدایکبووی پارێزگای بورسەعیدی میسرە و لە کۆلێژی یاسا خوێندوویەتی، لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی رابردوو لەڕێگەی شانۆوە دەستی بە کاری هونەری کردووە.

لەماوەی کارکردنیدا بووەتە هۆی دەوڵەمەندکردنی سینەما، دراما و شانۆی میسر، بەشداری لە 150 فیلم، زیاتر لە 60 کاری درامی و 20 کاری شانۆییدا کردووە.

 

هـ.ر.