كچه‌ كوردێك به‌شداری پێشبڕكێی شاجوانانی كه‌نه‌دا ده‌كات

په‌یامێكی تایبه‌تیشی بۆ كچان هه‌یه‌

K24 - هه‌ولێر:

كچه‌ كوردێكی خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، به‌شداری له‌ پێشبڕكێی شاجوانانی كه‌نه‌دا بۆ ساڵی 2020 ده‌كات.

میلۆدی قادری، له‌ دایكبووی شاری تۆرۆنتۆی كه‌نه‌دایه‌، خوێندنی زانكۆی له‌ بواری كاری كۆمه‌ڵایه‌تی تایبه‌ت به‌ كۆچبه‌ران ته‌واو كردووه‌، له‌ چه‌ندین چالاكی تایبه‌ت به‌ كۆچبه‌ران و په‌نابه‌رانیش وه‌كو خۆبه‌خش به‌شداری كردووه‌.

پێشبڕكێی شاجوانانی كه‌نه‌دا، له‌ 1ی تشرینی دووه‌م ده‌ستپێده‌كات و  تاكو 7ی تشرینی دووه‌م به‌رده‌وام ده‌بێت.

میلۆدی، كه‌ به‌وپه‌ڕی ئاماده‌باشییه‌وه‌ به‌شداری پێشبڕكێكه‌ ده‌كات، په‌یامێك ئاراسته‌ی كچان ده‌كات و ده‌ڵێت: "په‌یامی من وه‌ك کچە کوردێک بۆ کێبڕکێی شاجوانی ساڵی 2020، ئەوەیە کە، خۆیان بن و لە ئێستادا بژین، هەروەها ڕاستگۆ بن لەگەڵی دەوروبەرەکانیان  و بە خۆشەویستیەوە هەنگاوبنێن. دان بەوە دادەنێم کە هەندێک ڕۆژ هەست بەوەدەکەم ژیان پڕه‌ لە هەڵبەز و دابەز. لەو کاتانەدا ئەوە بیری خۆم دەهێنمەوە کە چەندێک بەختەوەرم کە خێزان و هاوڕێکانم زۆر پشتیوانمن".

میلۆدی باس له‌وه‌ ده‌كات، له‌ میانی پێشبڕکێی شاجوانی کەنەدا بۆ ساڵی 2020، ئەو دەرفەتەی هەبووه‌ کە کار لەسەر بەردەستکردنی کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی گرنگ بۆ کۆچبەران و پەنابەران بکات لە بوارەکانی دامەزراندن، ده‌رووندرووستی و پەروەردە.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌شداری پێشبڕكێ شاجوانانی كه‌نه‌دا ده‌كات، میلۆدی گۆرانییه‌كیشی ئاماده‌كردووه‌ و له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكی داهاتوو بڵاوی ده‌كاته‌وه‌، دووپاتیش له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، ئەگەر بووه‌ براوەی پێشبڕکێی شاجوانی کەنەدا، دەیەوێت ببێته‌ دەنگێک بۆ نەوەی داهاتوو.