مستەفا ھیجری: پرۆسەی یەكگرتنەوەی حزبی دیموكرات بە جیدی دەسیپێكردووە

"دەمانەوێت بە ئەنجامێكی دڵخواز بگەین و خەڵكی رۆژھەڵات پێی شادبن"
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

لێپرسراوی گشتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) رایدەگەیەنێت، پرۆسەی یەكگرتنەوەی حزبی دیموكرات بە جیدی دەسیپێكردووەتەوە و لەسەر ئاستی باڵا گفتوگۆ لەنێوان حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) و حزبی دیموكراتی كوردستان (حدك) ھەیە و لەسەر زۆر بابەت كۆكن بۆ بەستنی كۆنگرەی ھاوبەش و یەكگرتنەوە.

مستەفا ھیجری، لێپرسراوی گشتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) لە میانی بەشداریكردنی لە گەشتی ھەواڵەكانی كوردستان24 راگەیاند: "ئێمە لەمێژە لەسەر یەكگرتنەوە بڕیارمان داوە، لە كۆنگرەشدا جەختی لەسەر كراوەتەوە، لەو چوارچێوەیەدا مانگ و نیوێك پێش ئێستا لەسەر ئاستی باڵا بەرپرسانی ھەردوولامان گفتوگۆمان كردووە و ھەندێك بڕیاری نوێمان داوە، چەند خاڵێكی ناكۆكمان ھەیە دەبێ پێیاندا بچینەوە و قسەیان لەسەر بكەین، بڕیاریشمانداوە كۆبوونەوەكان زووتر بكرێن، بۆ ئەوەی كارەكانمان بە زوویی راپەڕێنین، بەرەوپێشوەچوونی باش ھەیە لەسەر پرسەكان، بەڵام ھەردوولا لەسەر ئەوە رێككەوتووین تا دەستكەوتی روون نەبێ راگەیەندراو لەوبارەوە بڵاونەكەینەوە".

لێپرسراوی گشتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران راشگەیاند: "خاڵی ھاوبەشمان ھەیە و خاڵی ناكۆكیش ھەن، بەڵام دەبێ گفتوگۆیان لەسەر بكەین".

مستەفا ھیجری، ئەوەشی خستەروو: "پەیامی ئێمە بۆ خەڵكی تێكۆشەری رۆژھەڵاتی كوردستان ئەوەیە، ئەو ئەركەی كە لە كۆنگرە پێی سپاردوین و لەسەر ویست  و داخوازی خەڵك بە جیدی پرۆسەی یەكگرتنەوەمان دەستپێكردووەو لە ھەوڵداین، بۆ ئەوەی پێش وادەی كۆنگرەی داھاتوو بە ئەنجامێكی دڵخواز بگەین، كە خەڵكەكەمان پێی شادبێت، بتوانین كۆنگرەیەكی ھاوبەشمان ھەبێت و حزبی دیموكرات جارێكی دیكە یەك بگرێتەوە".

جەختیكردەوە: "ئێمە لەمێژە گەیشتووینەتە ئەو باوەڕەی كە دەبێ كورد لە رۆژھەڵاتی كوردستان یەكڕیز و یەكھەڵوێست بێت، بەردەوامیش كارمان بۆ ئەوە كردووە، لەو چوارچێوەیەدا چەند ساڵێك ناوەندی ھاوكاری حزبەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانمان پێكھێناوە، ئێستا پەیوەندییەكی چڕ و پڕمان ھەیە و لەسەر زۆربەی پرسەكان گفتوگۆ دەكەین و دەمانەوێت بۆ داھاتووی رۆژھەڵاتی كوردستان دوای گۆڕینی حوكمی ئێران پلانمان ھەبێت، بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندیی باشمان ھەیە لەنێوان ھەموو ھێزەكان".

مستەفا ھیجری، گوتیشی: "لەبارەی پێشھاتەكان و گۆڕانكاری و داھاتووی ئێران، ئێمە لە ناوەندی ھەماھەنگی ھێزە كوردییەكانی رۆژھەڵات بەرنامەیەكمان پێشكەش كردووە، كە ئێرانێكی دیموكراتیكی سكۆلاری فیدراڵە، پاش رژێمی كۆماری ئیسلامی، لەو سیستمەدا مافی كورد وەك نەتەوەیەك بە فەرمی بناسێندرێ، چونكە تا مافی نەتەوەكان بە فەرمی نەناسێندرێت ئێران ئارامی و ئاسایش بەخۆیەوە نابینێ، نەتەوەكانی ئێران قبوڵیان نییە دەسەڵاتێكی بەھێز لە تاران ھەبێت، بەڵام مافی ئەوان پێشێل بكرێت، ئێستا نەك ھەر كورد، بەڵكو خەڵك لەناو فارسەكانیش پەیدابوونە باوەڕیان بە فیدراڵیزم ھەیە، لەسەر ئەو پرسە ئێمە لەگەڵ نەتەوەكانی دیكە پەیوەندیمان ھەیە و لەگەڵ ھەندێكیشیان ھاوپەیمانین، رێككەوتووین لەسەر ئەوەی حكومی داھاتووی ئێران كە مافی تاكەكانی خەڵكی ئێران بناسێندرێت و ھەقی خۆیان پێبدرێت".

لەبارەی ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەمەریكا و ئەگەری گۆڕانكاری لە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە مستەفا ھیجری گوتی: "ئێمە پەیوەندییمان لەگەڵ ئەمەریكییەكان ھەیە، بەڵام لۆبی بۆ ھیچ كام لە كاندیدەكان ناكەین، پێمان وایە، ھەر یەك لە كاندیدەكان دەربچێت و ببێتە سەرۆكی ئەمەریكا، گۆڕانكاری لە بۆچوونی واشنتن لەبارەی ئێران نابێت، ئێران لەژێر فشاردا دەمێنێتەوە، بەم سیاسەتەی ئێران 40 ساڵە پەیڕەوی دەكات ئەگەر لێی بەردەوام بێت، فشارەكانیش لەسەری بەردەوام دەبن".