وەزیری خوێندنی باڵا: لەمەودوا خوێندن بەو شێوەیە دەبێت

"ئەمساڵ درووشمی ئێمە رزگارکردنی خوێندنە بە هەموو شێوەیەک"

K24 - هەولێر

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، پرسی خوێندنی ئەمساڵ لە ناوەندەکانی خوێندن تاوتوێ کرا و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیش شێوازی خوێندنی ئەمساڵی ئاشکرا کرد.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەدوای کۆبوونەوەکە، هەریەک لە جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەت، ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەگەڵ ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە باسیان لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە کرد.

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند: "لەو هەلومەرجەدا بە دەرفەتی دەزانم ئەوە بڵێم: ئێمە سیستەمی ئاوێتە جێبەجێ دەکەین، واتا خوێندن هەم ئەلیکترۆنی و هەم بەشێکی لەنێو کەمپەسەکان دەبێت. ئەولەویەتمان بۆ خوێندنی ناو کەمپەسە، ئەو وانانەی گرنگ و بنەڕەتین لەنێو زانکۆکان دەخوێنرێن، تاقیکردنەوەکانیش لەنێو زانکۆ دەکرێن ئەو وانانەشی کە بەجۆرێک لاوەکین و سیستەمەکە مەجال دەدات، بە ئەلیکترۆنی دەخوێنرێن".

سەبارەت بە پرسیاری هەندێک کەس کە دەپرسن "بۆچی مزگەوت و کافتریا و بازاڕ کراونەتەوە، بەڵام زانکۆ ناکرێتەوە!" ئارام محەمەد رایگەیاند "زانکۆکان پێویستیان بەوەیە دەرگای بەشە ناوخۆییەکان بکەنەوە، ئێمەش ئەو هەموو رێکار و هۆشیارییەمان بۆ ئەوەیە گیانی خوێندکارەکان پارێزراو بێت".

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باسی لەوە کرد: "بەڵێ، سیستەمی خوێندن زیانی بەرکەوت، بەڵام نەمانهێشت تیابچێت... ئەمساڵ درووشمی ئێمە رزگارکردنی خوێندنە بە هەموو شێوەیەک".