سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا دانینا بە ھەندێك لە پێشڕەوییەكانی ئازەربایجان لە قەرەباخ

"ئازەربایجان كوشتنی زیاتر لە ھەزار سەربازی دەشارێتەوە"

K24 – ھەولێر:

سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا، نیكۆل باشینیان، ئەمڕۆ چوارشەممە دانینا بە پاشەكشەكردنی ھێزەكانی ئەرمینیا و بەدەستھێنانی ھەندێك پێشڕەوی لە لایەن ئازەربایجانەوە لە ناوچەی قەرەباخ.

باشینیان لە گوتەیەكیدا بۆ گەل رایگەیاند، "لە میانی 18 رۆژی شەڕدا، ھێزە قارەمانەكانمان ھەندێك پاشەكشەیانكردووە لە ھەردوو میحوەری باكوور و باشوور. دوژمنەكانمان تەكتیكی نوێ  پەیڕەو دەكەن و گرووپی وێرانكارییەكان بەكاردەھێنن بۆ بڵاوكردنەوەی تۆقاندن لە پشتەوەی ھێڵەكانی بەرگریدا".

سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا جەختیكردەوە، ھێزەكانی "كۆماری قەرەباخ"ی لە یەك لایەن راگەیندراوە، كە لە لایەن یەریڤانەوە پشتیوانی دەكرێت، ھێشتا كۆنترۆڵی لە دەستە و زیانی گەورەی گیانی و ماددی بە ھێزەكانی ئازەربایجان  دەگەیەنێت".

باشینیان گوتی: "خۆم داندەنێم بە پاشەكشەكردنی ھێزەكانی ئەرمینیا لە قەرەباخ، چونكە دەمەوێت لە پێش كۆمەڵگە راستگۆ بم". گوتیشی: ئازەربایجان زیانی زیاتر لە ھەزار كوژراو و زیاتر لە یەك ملیار دۆلار كەرستەی سەربازی دەشارێتەوە و باسی ناكات.

سەرچاوە: نوفوستی