دیبلۆماتكارانی ئەوروپا: شێوازی" دار و گێزەر" لەگەڵ توركیا شكستی هێنا

بەرلین تا ئێستا بیر له‌وه‌ ناكەتەوە كه‌ رێوشوێنی زیاتر بەرامبەر توركیا بگرێتەبەر

K24 – ھەولێر:

دیپلۆماتكاران، بەرپرسان و شارەزایان رایانگەیاند، ستراتیژییەتی "دار و گێزەر" كە یەكێتی ئەوروپا لەگەڵ توركیا بۆ دامركاندەنەوە گرژییەكان پەیڕەویكرد، شكستی ھێنا، ئەمەش مەترسی ھەڵگیرسانی شەڕ لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست دێنێتە ئاراوە.

وێڕای ئه‌وه‌ی لە لوتكەی ئەوروپی لە سەرەتای ئەم مانگەوە رێكەوتن لەسەر رازیكردنی توركیا بەڕاگرتنی كنە و پشكنین بەدوای غازی سرووشتیدا لە ناوچە دەریاییه‌‌ كێشەی لە سەرەكان لەگەڵ یۆنان و قوبرس كرا، كەچی ئەمڕۆ چوارشەممە توركیا رایگەیاند، جارێكی دیكە كەشتییەكەی دەستیكردووەته‌وه‌ بە كاری رووپێوی لە ناوچەكەدا.

دیپلۆماتكاران و بەرپرسانی یەكێتی ئەوروپا گوتیان: سەركردەی دەوڵەتانی یەكێتییه‌كه‌ خۆیان ئاشكرایانكرد، چونكە نەیانتوانی بگەنە چەرەسەرێك بۆ ململانێیەكە و لە جیاتی ئەوە پێشنیازی "دار و گێزەر"ـیان بۆ توركیا كرد، لە لایەك زۆر ھاریكارییان بۆ ئەنقەرە خستەڕوو، لە ھەمان كاتیشدا ھەڕەشەی سزادانیان كرد، ئه‌وه‌ی دیاره‌ ئەم پێشنیازە سەركەوتوو نەبوو لە پێكانی ئامانجەكەی.

دیپلۆماتكاران گوتیان؛ یۆنان و قوبرس جارێكی دیكە، پێنجشەممە و ھەینی داھاتوو، ململانێی غاز لە دیداری سەركردەكانی یەكێتی ئەوروپا دەخەنەڕوو، ھەرچەندە پرسی توركیا لە كارنامه‌ی لوتكەكەدا نییە، بەڵام بەو بنەمایەی، كە ئەم ھەڵچوونەی گرژییەكانی ئەم دواییە، پێویستی بە جووڵەی خێرا ھەیە.

لەم ھەفتەیەدا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ھایكۆ ماس، گەشتێكی خۆی بۆ ئەنقەرە ھەڵوەشاندەوە، وەك ناڕەزاییەك بەرامبەر بەگەڕاندنەوەی كەشتی كنە و پشكنینی "عروج رەئیس" بۆ ناوچەی كێشە لەسەر، بەڵام دیپلۆماتكاران گوتیان: بەرلین تا ئێستا بیر له‌وه‌ ناكەتەوە كه‌ رێوشوێنی زیاتر بەرامبەر توركیا بگرێتەبەر.

وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا، كە گەورەترین ھاوبەشی بازرگانی توركیا بوون و گەورەترین وەبەرھێنەر بوون لەو وڵاتەدا، ئۆمێد دەكەن بتوانن ئەردۆغان رازی بكەن بەدەستكردنەوە بە دانوستان بۆ روونكردنەوەی مافەكان لە سامانی نەوتی دەریایی، ئەمەش بە پێشكەشكردنی رێكەوتنێكی بازرگانی بەرفراوان و كۆتاییھێنان بە مەرجەكانی ڤیزەی ھاووڵاتیانی تورك و پێشنیازكردنی پارەیەكی زیاتر بۆ پەنابەرانی سووریا لە توركیا، لەگەڵ ئەمانەشدا ھەڕەشەكردن بە سەپاندنی سزاكان.

سەرچاوە: رۆیتەرز