"باڵێكی پەكەكە بووەتە كێشە بۆ كوردستان"

چاودێرێكی سیاسی: پەكەكە توركیا ھاندەدات بێتە ناو خاكی ھەرێمی كوردستان
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بە گوتەی چاودێرانی سیاسی پەكەكە بەردەوام كێشەی بۆ ھەرێمی كوردستان دروستكردووە و تا ئێستاش بە سەدان گوندی كوردستان بەھۆی پەكەكە چۆڵكراون و خەڵكەكەی ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵەكانیان و گوندەكانیان ئاوەدان بكەنەوە.

پەكەكە لەناو ھەموو بەشەكانی كوردستاندا، قورسایی سەربازی و حزبیی خۆی خستووەتە سەر ھەرێمی كوردستان، لە كاتێكدا ھەرێمی كوردستان ناوچەیەكی ئازادكراوە و خاوەنی دامەزراوە فەرمییەكانی خۆیەتی و لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشەوە دانپێدانراوە.

مەدحەت سلێمان، چاودێری سیاسی بە كوردستان24ی گوت: "باڵە نەتەوەییەكەی پەكەكە میانڕەون، بەڵام باڵە چەپڕەوەكەی كە خەڵكێكی زۆری عەلەوی و ئەرمەنی و چەپڕەوی توندی توركی تێدایە، بوونەتە كێشە بەسەر كێشەی رەوای كورد لە باكووری كوردستان، لە ھەمانكاتدا بوونەتە بەڵا بەسەر ھەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان".

گوتیشی: "ئەوەی ئێمە لە پەكەكە بەدی دەكەین، ھێنانی سوپای توركیایە بۆ باشوور و رۆژئاوای كوردستان و ئەوانیش بە گوڵ پێشوازیان لێدەكەن،  مەیدانی خەباتی پەكەكە باكووری كوردستانە و با بچێت ئەوێ رزگار بكات".

بەھۆی بوونی پەكەكە لە چیا و لادێكانی ھەرێمی كوردستان، سوپای توركیا سنووری ھەرێمی كوردستانی بڕیوە و زوو زوو بۆردوومانی ئەو ناوچانە دەكات، ئەوەی دەبێتە قوربانیش تەنیا خەڵكی سڤیلی ھەرێمی كوردستانە.

وەعدی مزوری، چاودێری سیاسی دەڵێ: "ھەر كەسێك بە دادپەروەری لە پەكەكە بڕوانێت، دەزانێ پەكەكە جگە لە زیان تائێستا ھیچ سوودێكی بۆ كوردستان نەبووە".

لە دوای ریككەوتنی ئاساییكردنەوەی دۆخی شەنگال، په‌كه‌كه‌ بە ئاشكرا ناڕەزایەتی خۆی دەربڕی، چونكە بارەگای خۆیان لە شنگالە، یەكێك لە بەندەكانی رێككەوتنەكەش چوونەدەرەوەی ھێزە ناوخۆیی و بیانییەكانە‌ لە شنگال و گەڕانەوەی ئیدارەی شنگالە بۆ خەڵكی ناوچەكە.