ئامانج رەحیم: جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی ھەنگاوی باشی بڕیوە

"یەكشەممە راپۆرتی یاسای چاكسازی دەدرێتە پەرلەمان"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان جەختدەكاتەوە، رۆژی یەكشەممە راپۆرتی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە ھەنگاوەكانی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی دەگاتە پەرلەمان، كە وردەكارییەكانی جێبەجێكردنی یاساكە لەخۆ دەگرێت. ئاماژە بەوەش دەكات، گەندەڵی دوژمنی سەرەكی چاكسازییە و ھەنگاوی باش ھاوێژراوە بۆ جێبەجێكردنی یاساكە.

ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران بە كوردستان24ی راگەیاند: "یاسای چاكسازی ژمارە 2ی یاسای چاكسازی ساڵی 2020 لە سەرەتای مانگی تەمموز كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، لەوكاتەوە لیژنەیەكی باڵا بە سەرۆكایەتی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەكەی و وەزیرە پەیوەندیدارەكان دروستكراوە".

گوتیشی: "لە كاتی سەردانیدا بۆ پەرلەمانی كوردستان، سەرۆك وەزیران رایگەیاند، كە راپۆرتێك لەبارەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لەماوەی سێ مانگ ئامادەكراوە، لە دوا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئەو راپۆرتە رەزامەندی لەسەر دراوە و رۆژی یەكشەممەی داھاتوو راپۆرتەكە دەگاتە پەرلەمانی كوردستان، راپۆرتەكە ئەو ھەنگاوانە لە خۆدەگرێت كە حكومەتی ھەرێمی كوردستان ناویەتی بە ئاراستەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، ھەندێك بڕگە و ماددەی تێدایە كە رەنگە لەم كابینەیەش جێبەجێ نەكرێن، چونكە چاكسازی پرۆسەیەكی بەردەوامە، بەڵام زۆر بڕگە و بابەت لە یاساكە جێبەجێ كراون، بۆ جێبەجێكردنی تەواوی یاساكە پێویستمان بە كات و ھەوڵی زیاترە".

ئامانج رەحیم، راشیگەیاند: "گەندەڵی دوژمنی سەرەكیی چاكسازییە، ئەگەر رووبەڕووی گەندەڵی نەبینەوە، تەنھا كار لەسەر چاكسازی بكەین ناتوانین كارەكە بەتەواوی بكەین، بۆ ئەم مەبەستە دەستەی دەستپاكی كار لەسەر ئەم بابەتە دەكات و رۆڵێكی گەورەیان ھەیە لە یاسای چاكسازی، ھەروەھا داواكاری گشتی و دیوانی چاودێری دارایی بەشداری كاریگەریان دەبێت لە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی".