ئاماری تۆقێنەری کۆرۆنا لە جیهان؛ ترووسکایی رزگاربوون لەو ڤایرۆسە بەدی ناکرێت

زیاتر لە 27 هەزار کەس لە یەک رۆژدا لە بەرازیل تووشی کۆرۆنا بوون

K24 - هەولێر

زیاتر لە 10 مانگ تێپەڕیوە بەسەر سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە جیهان، کەچی هیچ ترووسکاییەکی رزگاربوونی تەواوی مرۆڤایەتی لەدەست ئەو ڤایرۆسە بەدیناکرێت، بەپێچەوانەوە ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە وڵاتان، رۆژ لەدوای رۆژ بەرزتر دەبێتەوە.

دوای ئەوەی شەپۆلی یەکەمی کۆرۆنا لە زۆر وڵات هێواش بووەوە، جارێکی دیکە تووشبوون بە کۆرۆنا لە وڵاتان بەرزبووەوە، بەجۆرێک هەندێک لەو وڵاتانەی رۆژانە تەنیا هەزار یان دوو هەزار تووشبوونیان تۆماردەکرد، ئێستا رۆژانە زیاتر لە 15 هەزار تووشبوون لە رۆژێکدا تۆماردەکەن!

کارمەندێکی تەندروستی لەکاتی کارکردن لە هەڵمەتێکی پشکنینی کۆرۆنا لە ئەڵمانیا 13-3-2020، وێنە: Reuters
کارمەندێکی تەندروستی لەکاتی کارکردن لە هەڵمەتێکی پشکنینی کۆرۆنا لە ئەڵمانیا 13-3-2020، وێنە: Reuters

 ئەڵمانیا بەرزترین ژمارەی تووشبوونی تۆمارکرد لەوەتەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا

لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ بەرپرسانی ویلایەتەكانی ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێركل، راوێژكاری ئەڵمانیا رایگەیاند، رێكاری نوێی توند دەگرنەبەر بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكە.

رۆژی سێشەممەی رابردوو، ئەڵمانیا ریکۆردێکی نوێی تۆمارکرد لە زۆریی ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا لەماوەی 24 کاتژمێردا. بەپێی داتاکانی سەنتەری رۆبەرت کۆچ، لەو رۆژەدا شەش هەزار و 638 تووشبووی کۆرۆنا لە ئەڵمانیا تۆمارکراون.

ئەڵمانیا یەکێک بوو لە پێشەنگی وڵاتانی ئەوروپی لەڕووی کەمی ژمارەی کۆچکردووان بە کۆرۆنا و، باشیی رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی پەتاکە. ریکۆردی پێشووی تووشبوون بەو پەتایە لە ئەڵمانیا لە مانگی ئادار تۆمارکرابوو کە شەش هەزار و 294 تووشبوو بوو لە ماوەی 24 کاتژمێردا.

ئێستا مردن بە کۆرۆنا لە ئەڵمانیا، کە یەکێکە لە پێشەنگەکانی وڵاتانی ئەوروپی لەڕووی کەرەستەی پزیشکییەوە نزیکە لە 10 هەزار کەس.

مێرکڵ لە کۆبوونەوەکەدا باسی لە راگەیاندنەوەی قەدەغەی تەواوی هاتووچۆی نەکرد. بەڵام دەڵێ "چه‌ند هه‌فته‌یه‌كی سه‌ختمان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌ پێشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌م وه‌رزه‌دا به‌سه‌ر ئه‌و ڤایرۆسه زاڵ بین".

 ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەکاتی پێشکەشکردنی گوتارەکەی
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەکاتی پێشکەشکردنی گوتارەکەی

 سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا حاڵه‌تی نائاسایی له‌ وڵاته‌كه‌ی راگه‌یاند

سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆی له‌ پاریس و هه‌شت شاری دیكه‌ راگه‌یاند و ئه‌ڵمانیاش رایده‌گه‌یه‌نێت، چه‌ند هه‌فته‌یه‌كی سه‌ختمان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌ پێشه‌.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە گوتارێکدا کە شەوی رابردوو لە رێگەی تەلەڤیزیۆنی فەرمییەوە پەخشکرا چەند رێوشوێنێکی نوێی توندی بۆ رێگه‌گرتن له‌ زیاتر بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند، لەوانە قەدەغەکردنی هاتووچۆ لە شەودا لە پاریس و، هه‌شت گەورە شاری دیكه، هەروەها راگه‌یاندنی دۆخی نائاسایی تەندروستی لە سەرتاسەری فه‌ره‌نسا.

ئەو رێوشوێنانە لەکاتێکدان لەم هەفتەیەدا ریکۆردی نوێ لەڕووی زۆریی ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە فەرەنسا تۆمارکرا، کە تووشبوونی زیاتر لە 26 هەزار کەس بوو لە رۆژێکدا.

لە فەرەنسا تائێستا زیاتر لە 779 هەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون، مردنیش زیاترە لە 33 هەزار کەس.

سەرۆکی فەرەنسا هەروەها رایگەیاند "بڕیاری داخستن و كه‌ره‌نتینه‌ی گشتی ده‌رناكه‌ین، به‌ڵام لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانم راسپاردووه‌ له‌وه‌ی ده‌ستكراوه‌ بن له‌ رێگریكردن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی زیاتری ڤایرۆسه‌كه‌".

 دوو کارمەند لەکاتی ناشتنی کۆچکردوویەک بە کۆرۆنا لە گۆڕستانی ساوفرانسیسکۆ خافیێر لە ریۆ دی جانێرۆ، وێنە: AFP
دوو کارمەند لەکاتی ناشتنی کۆچکردوویەک بە کۆرۆنا لە گۆڕستانی ساوفرانسیسکۆ خافیێر لە ریۆ دی جانێرۆ، وێنە: AFP

گیانلەدەستدانی 749 کەس لە رۆژێکدا لە بەرازیل

بەرازیل 209 ملیۆن دانیشتووی هەیە، لەو ژمارەیە زیاتر لە پێنج ملیۆن و 100 هەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون. ئەو وڵاتەی ئەمەریکای باشوور یەکێکە لە زەرەرمەندترین وڵاتان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

لە رۆژی چوارشەممە، وەزارەتی تەندروستیی بەرازیل تووشبوونی 27 هەزار و 235 کەسی دیکەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند لەماوەی تەنیا 24 کاتژمێردا، لەگەڵ گیانلەدەستدانی 749 كەسی دیكە لە هەمان ماوەدا.

بەگشتی 151 ھەزار و 779 كەس لە بەرازیل بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، کە بەراورد بە وڵاتانی دیکە رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لەو وڵاتەدا تووند نین، بەمەش بەرازیل لە پلەی سێیەمدایە لە دوای ئەمریكا و ھیندستان لەڕووی زۆریی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا.

وێنەیەکی ئەرشیڤیی تیمەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە کوردستان، وێنە: کوردستان24
وێنەیەکی ئەرشیڤیی تیمەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە کوردستان، وێنە: کوردستان24

بەهەمان شێوەی وڵاتان ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستانیش بەرزبووەتەوە

لە سەرەتای ئەم مانگەوە تووشبوون بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستانیش لەبەرزبوونەوەیە و بە تێکڕا رۆژانە زیاتر لە 600 کەس تووشی پەتای کۆرۆنا دەبن.

لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بڕیاردرا، رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا تووندتر بکرێن، بەڵام بەهەمان سیاسەتی وڵاتان قەدەغەی گشتیی هاتووچۆ راناگەیەنرایەوە.

لە کوردستان تائێستا زیاتر لە 58 هەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 2060 کەس بەو پەتایە گیانیان لەدەستداوە.

 بەرزبوونەوەی ئەو ئامارانە لەکاتێکدایە جیهان لە چاوەڕوانیی ڤاکسینێکە کە مرۆڤایەتی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا رزگاربکات، هەرچەندە رووسیا لە مانگی ئاب بووە یەکەم وڵات کە ڤاکسینی کۆرۆنای تۆمارکرد، بەڵام ڤاکسینەکەی بەردەست نەبووە، چاوەڕوان ناکرێت تاوەکو ساڵی ئاییندەش هیچ ڤاکسینێک بەردەستبێت، بەهۆی ئەوەی دروستکردنی ڤاکسین پرۆسەیەکی دوورودرێژە و پێویستی بە کاتێکی زۆرە بۆ ئەوەی تاقیبکرێتەوە و دڵنیایی بدرێت لە سەلامەتیی ڤاکسینەکە و کاریگەرییەکەی.