ئومێد سەباح: گۆڕانكارییە ئیدارییەكان بەردەوام دەبن

سەرۆكی نوێی دەزگای گشتی كاروباری مین دەستبەكاربوو
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران رایدەگەیەنێت، لە داھاتوودا بە گوێرەی پێوست گۆڕانكاری ئیداری لە دامو دەزگاكانی حكومەتی ھەرێم دەكرێت. ئاماژەی بەوەشكرد، گۆڕانكاری پێویست لە دامەزراوەكان كراوە و ئەوەی ماوە بەڕێوەبەرە گشتییەكانن كە رەنگە لە داھاتوودا گۆڕانكارییەكان ئەوانیش بگرێتەوە.

ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "ھەموو سەرۆكی دەستەكانی سەر بە ئەنجومەنی وەزیران دەستبەكاربوونە، تەنھا دەستەیەك ماوەی ئەویش لە ئایندەدا پڕ دەكرێتەوە، زۆربەی بریكاری وەزیرەكانیش دەستبەكاربوونە، ماوەتەوە گۆڕانكاری لە بەڕێوەبەرە گشتییەكان، بەپێی پێویستی وەزارەتەكان ئەو گۆڕانكاریانە بەردەوام دەبن".

ئەم لێدوانەی سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان لەمیانی پرۆسەی دەستبەكاربوونی دەزگای گشتی كاروباری مین بوو، كە ئەمڕۆ ئاڵوگۆڕی لە پۆستەكە كرا و جەبار مستەفا وەك سەرۆكی نوێی دەزگای گشتی كاروباری مین لە ھەرێمی كوردستان دەستبەكاربوو. لەوبارەوە ئومێد سەباح، گوتی: "وەك ئەنجومەنی وەزیران پشتگیری لە سەرۆكی نوێی دەزگای كاروباری مین دەكەین و ھەر شتێك لەسەر ئەنجومەنی وەزیران بێت بۆ دەزگاكە دابینی دەكەین".