یەدەگی دراوی بیانی لە بانکی ناوەندی عێراق کەمدەكات

وەزارەتی دارایی دۆلار بە بانکی ناوەندی دەفرۆشێت بۆ ئەوەی دیناری دەستکەوێت

K24 - ھەولێر

مستەفا غالب، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق پێشبینی دەکات، دراوی بیانی بەهۆی زیادەی پارەدارکردن و کەمبوونەوەی دۆلار و داکەوتنی نرخی نەوتەوە لە یەدەگی بانکی ناوەندی عێراق کەمیکردبێت.

پارێزگاری بانکی ناوەندی بۆ رۆژنامەی سەباح ئاشکرایکردووە، داکەوتنی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان و پابەندبوونی عێراق بە رێککەوتنی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت وایکردووە ، قەبارەی دۆلار لە یەدەگەکەدا کەمبێتەوە، لە بەرامبەردا وەزارەتی دارایی بەردەوام دۆلار بە بانکی ناوەندی دەفرۆشێت بۆ ئەوەی دیناری دەستکەوێت و بۆ خەرجییەکانی ناوخۆ بەکاریبهێنێت.

پارێزگاری بانکی ناوەندی دەشڵێت، ئەو هۆکارانە وایکردووە دراوی قورس لە یەدەگی بانکی ناوەندییەوە کەمبێتەوە، سەرەڕای ئەو داشکاندنانەی وەزارەتی دارایی ئەنجامی دەدات بۆ ئەوەی کورتهێنان پڕ بکاتەوە و خەرجییەکانی پێ دابینبکات بە تایبەت خەرجییەکانی بانکی ناوەندی بۆ بانکە حکوومییەکان.