مەسرور بارزانی: روودەکەینە سەرچاوەی پاکتر و هەرزانتری وزە بۆ کوردستان

"وزەی پاک، دەکرێت ببێتە سێکتەرێکی گەورە لە گەشەسەندنی ئابوورییەکەمان"

 K24 - هەولێر

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، هەرێمی کوردستان روودەکاتە "سەرچاوەی پاکتر و هەرزانتری وزە بۆ کوردستان".

مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 15-10-2020) لە تویتێکدا ئاشکرای کرد هەرێمی کوردستان "وەبەرهێنان دەکات بۆ داهاتوو، بەڕووی وزەی پاکتر و هەرزانتر بۆ کوردستان". هەروەها دەڵێ "وزەی پاک، دەکرێت ببێتە سێکتەرێکی گەورە لە گەشەسەندنی ئابوورییەکەمان".

کوردستان رۆژانە سێ هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت، سەرۆکی حکومەت دەڵێ "سەرچاوەی بەرهەمهێنانی ئەو کارەبایە بەمشێوەیەیە:

- گازی سرووشتی: 76٪
- نەوتی رەش 13٪
- کارۆئاو 7٪
- دیزڵ 4٪

 وزەی خاوێن، وزەی سەوز و نوێبووەوەشی پێدەگوترێت، لەو سەرچاوە سرووشتییانە بەرهەمدەهێنرێت، کە کۆتاییان نایەت، واتا بەتەواوەتی جیاوازە لە سووتەمەنی دیکەی وەکو پەترۆل، کاربۆن و گازی سرووشتی و تەنانەت وزەی ناوەکی، چونکە ئەمانە کۆتاییان دێت و زیانیش بە ژینگە دەگەیەنن.

وزە ئەگەر پاک نەبێت دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە بەهۆی دروستبوونی گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن، یان گازی زیانبەخشی دیکە و زیادبوونی گەرمبوونی کەشوهەوا.

ئەو گوتانەی سەرۆکی حکومەت لەکاتێکدان، له‌ هه‌رێمی كوردستاندا به‌گوێره‌ی به‌دواداچوونێكی كوردستان24 سه‌دان پڕۆژه‌ی تایبه‌ت به‌ كه‌رتی كاره‌با ئه‌نجامدراون به‌م جۆره‌:

- هه‌ولێر: 118 پڕۆژه‌ به‌ پشتبه‌ستن به‌ %8ـی داهاتی كاره‌با به‌ بڕی 4.5 ملیار دینار
- سلێمانی: 244 پڕۆژه‌ به‌ تێچووی 7.86 ملیار دینار
- دهۆك: 44 پڕۆژه‌ به‌ بڕی 3.58 ملیار دینار
- گه‌رمیان: 7 پڕۆژه‌ به‌ تێچووی 260 ملیۆن دینار

هـ.ر.