وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی: به‌دواداچوون بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر كارمه‌ندێكی ده‌رمانخانه‌یه‌كی هه‌ولێر ده‌كه‌ین

دوو كه‌سی چه‌كدار هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر ده‌رمانخانه‌یه‌ك

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی تەندرووستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند، بەدواداچوون بۆ ئه‌و گرتە ڤیدیۆییه‌ ده‌كات، كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوبووه‌ته‌وه‌ و تێیدا ده‌ركه‌وتووه‌، دوو كه‌سی چه‌كدار هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر ده‌رمانخانه‌یه‌ك و ئه‌شكه‌نجه‌ی ئه‌و كارمه‌نده‌ ته‌ندرووستییه‌ ده‌ده‌ن، كه‌ له‌ ده‌رمانخانه‌كه‌دایه‌ و جلوبه‌رگی راژه‌ی خۆی له‌به‌ردایه‌.

له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا، كه‌ گوته‌بێی وه‌زاره‌ته‌كه، "ئاسۆ حه‌وێزی"‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، هاتووه‌: دوابەدوای بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆیەك كە هێرش دەكرێتە سەر كارمەندێكی دەرمانخانە بە هەڵسوكەوتێكی ناشارستانی و دوور لە مرۆڤایەتی، لەسەر راسپاردەی وەزیری تەندروستی و لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی پشكنین و بەدواداچوون و بەشی یاسایی بەدواداچوون لەم رووداوە دەكرێت و رێكاری یاسایی دەگرینەبەر.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: داوا لە وەزارەتی ناوخۆ دەكەین لەپێناو پاراستنی ماف و گیانی پزیشكان و كارمەندانی تەندرووستی و فەرمانبەرانی دامودەزگا تەندروستییەكان لە كەرتی گشتی و کەرتی تایبەت رێكاری یاسایی بگیرێتەبەر بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەم جۆرە رەفتار و رووداوانە.