حه‌مه‌ی ئاڵا چاوه‌ڕێی ئه‌و رۆژه‌یه‌ كه‌ سەربەرزانە بە ئاڵای كوردستانەوە بگەڕێتەوە كه‌ركووك

"خەڵكی كەركووك تا ماوە ئەو رۆژە شومە لە یاد ناكات"
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

حەمەی ئاڵا كە سەرۆك بارزانی نازناوی "حەمەی سیمبوڵ"ی پێبەخشی، ئەو كوڕە گەنجە كورده‌ بوو، كە لەگەڵ داگیركردنی كەركووك لە لایەن حەشدی شەعبیەوە، بوێرانە ئاڵای عێراقی لە سەر یەكێك لە ئۆتۆمبیلە سەربازییەكانی ئەو گروپە داگرت و بەم كارەی خۆی، بێزاری خەڵكی كه‌ركووكی له‌ دژی داگیركردنی شاره‌كه‌یانی راگەیاند، ئێستاش دوای 3 ساڵ دووركەوتنەوە لە بنەماڵە و شارەكەی، چاوەڕێیە سەربەرزانە بە ئاڵای كوردستانەوە بگەڕێتەوە شارەكەی.

محەمەد ناسراوە بە حەمەی ئاڵا، بە جەستە لە پایتەختی كوردستان و بە دڵ لە كەركووكە، تەمەنی ئەو كات 19 ساڵ بوو، گەنجێكی خوێن گەرمی كورد، ئەو رۆژەی شارەكەی داگیركرا، نه‌یزانێ چۆن بێزاری خۆی دەرببڕێت و وەك خۆی باسی دەكات، ھیچ شتێكی بۆ بەرگری شك نەبرد، بۆیە رق و كینه‌ی خۆی بە داگرتنی ئاڵای عێراق ده‌ربڕی.

حه‌مه‌ مه‌جید كه‌ خه‌ڵك نازناوی حەمەی ئاڵای پێ بەخشی و سەرۆك بارزانیش ناوی حەمەی سیمبوڵی پێدا، ئێستا بە رواڵەت گۆڕاوە و تەمەنی 22 ساڵە، بەلام ئامانجەكەی به‌نه‌گۆڕی ماوه‌ته‌وه‌ و بیری ھەر لای كەركووكه‌، رۆژەكانی 16 ئۆكتۆبه‌ر و كارەساتەكانی ئەو رۆژانەمان نیشان دەدات و دەلێت: داگیركردن تەنیا ھی شارەكە نەبوو، ھی نەتەوەیەك بوو، خەڵكی كەركووك تا ماوە ئەو رۆژە شومە لە یاد ناكات.

16 ئۆكتۆبه‌ری سالی 2017، كە ماوەیەكی زۆر بە سەر ریفراندۆمی كوردستان تێنەپەریبوو، كەركووك بە ھۆی رێكەوتنێكەوە كه‌وته‌ دەستی گروپ و چەكدارانی حەشدی شەعبی، بە ھەزاران ھاووڵاتی كورد شاره‌كه‌یان بە جێھێشت، لەو كاتەی ئۆتۆمبیلە سەربازییەكان بە ئاڵای عێراق لە ناو شار دەخولانه‌وه‌، حەمە پەلاماری ئاڵای عێراقیدا و خستییه‌ ژێر پێی، بە ھۆی ئەم كارەشی جیا لەوەی شاره‌كه‌ی جێهێشت، حوكمی 18 ساڵ زیندانیكردنیشى بە سەردا سه‌پێندرا.

H.B