عێراق گرێبەستێکی نەوتی لەگەڵ کۆمپانیایەكی تورکی هەڵدەوەشێنێتەوە

بەدوای ھاوبەشێكی دیكەدا دەگەڕێت

K24 - ھەولێر

عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ دامەزراوەی نەوتی تورکیا بە ناوی تباو هەڵوەشاندەوە، کە بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی گازی مەنسوورییە لە نزیک سنووری ئێران پێشکەشی کردبوو.

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق داوا لە کۆمپانیا جیهانییەکان دەکات لە پەرەپێدانی کێڵگەی مەنسوورییە کار بکەن، دوای ئەوەی کۆمپانیای تباوی تورکی بەهۆی مەترسی ئەمنییەوە کێڵگەکەی جێهێشتووە.

وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، وەزارەتەکەیان هاوبەشێکی نوێ دەدۆزێتەوە کە باشترین چارسەری تەکنیکی بۆ بەگەڕخستن و پەرەپێدانی کێڵگەکە پێشکەش بکات.

بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی مەنسوورییە لە پارێزگای دیالە، ساڵی 2011 عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ گرووپی کۆمپانیای تباوی تورکی واژۆکرد، بەڵام لە ساڵی 2014ـەوە بەهۆی هێرشی داعش و کۆنترۆڵکردنی رووبه‌رێكی فراوان لە عێراق، ئەو کۆمپانیا کارەکانی راگرت، دوای چەندین داواکاری عێراق، به‌ڵام کۆمپانیا تورکیەكه‌ دەستی بەکار نەکردەوە.