"په‌كه‌كه‌ و حه‌شد رێگرن له‌ به‌رقه‌راربوونی سه‌قامگیری لە شنگال"

بەڕێوەبەری سنوونێ: ئەوانەی خۆیانکردووەتە دەسەڵاتداری ناوچەکە، بوونەتە رێگر لەبەردەم پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری
kurdistan24.net

 

K24 - دهۆک

سێ ساڵە پەکەکە و حەشدی شەعبی ئیدارەیەکی ناشەرعییان لە شنگال داناوە، بەڵام بەگوتەی هاووڵاتییانی شنگال، ئەو لایەنانە نەیانتوانیوە خزمەتی دەڤەرەکە بکەن، بۆیە ئاوارەکان هێشتا نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵیان.

خەڵکی شنگال، ئەوانەی قسەیان بۆ کوردستان24 کردووە باس لەوە دەکەن، شنگال هێشتا وێرانەیە و هێمن نییە، بۆیە زۆربەی خەڵکەکەی هێشتا لەنێو کەمپەکاندا دەژین، ئەوان داوادەکەن ئەو لایەنانەی لە شنگالن، رێگەبدەن یاسا لە ناوچەکەیان بەرقەراربێت و ئیدی هێزە ناشەرعییەکان ئەوێ جێبهێڵن.

خەلیل ئیلیاس، کەسایەتیی شنگال دەڵێ "بێگومان هەبوونی ئەو لایەنە سیاسییانە کە چەند ساڵێکە لە شنگالن، تاوەکو ئێستا سوودیان بۆ خەڵکی ئێمە نەبووە و بوونەتە هۆی ئەوەی تاوەکو ئێستا خەڵکی ئێمە لەبەر گەرمای هاوین و سەرمای زستان لەنێو خێوەتگەکاندا بمێننەوە و نەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان، هۆکاری سەرەکیی نەگەڕانەوەشیان ئەوەیە؛ ئەمن و ئاسایش لە ناوچەکەماندا بەرقەرار نییە".

سلێمان حەسەن، هاووڵاتییەکی دیکەی شنگال باس لەوە دەکات "ئەو لایەنەی سێ ساڵە لە شنگالە، بەڕاستی تاوەکو ئێستا هیچ خزمەت و پرۆژەیەکیان نەبووە کە بتوانن بەهۆیانەوە باوەڕ لەلای خەڵک پەیدا بکەن، تاوەکو بگەڕێنەوە و جارێکی دیکە پێکەوەژیان لەنێو خەڵکانی شنگالدا هەبێت. ئەوان تەنیا بوونەتە هۆی دوورکەوتنەوەی خەڵکەکە، بەڵگەش بۆ ئەو قسەیە ئەوەیە؛ تاوەکو ئێستا ئەوانەی لەنێو کەمپدان، نایانەوێت بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان".

بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێش ئاشکرای دەکات زۆرجار حکومەتی عێراق و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، نەیانتوانیوە پڕۆژە لە شنگال جێبەجێ بکەن، بەهۆی نەبوونی ئیدارەیەکی شەرعی.

نایف سەیدۆ، بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ دەڵێ "دوای 17ـی ئۆکتۆبەر و کشانەوەی حکومەتی شەرعی و پێشمەرگە لە دەڤەری شنگال، گۆڕانێکی تەواو لە ناوچەکەدا روویدا، ئەوانەی ئێستا خۆیانکردووەتە دەسەڵاتداری ناوچەکە، زۆرجار بوونەتە رێگر لەبەردەم پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و، ئێستا ئاسایش و خزمەتگوزاری لە ناوچەکەدا نییە".

لە شنگال سەدان خانوو وێرانەن، نەبوونی ئاسایش و مەترسیی بوونی هێزی جیاواز و ململانێی سیاسیش، خەڵکی دەڤەرەکەیان کردووەتە قوربانی و بەو هۆیەوەش تەنیا 20٪ـی خەڵکی شنگال هەتاوەکو ئێستا گەڕاونەتەوە ناوچەکەیان.

 

هـ.ر.