یاریزانانی بارسێلۆنا هەڕەشە دەکەن

کارگێری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانیا بە هۆی ئەو قەیرانە داراییەی بە هۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا سەری هەڵداوە، دەیەوێت جارێکی دیکە موچەی یاریزانەکان و کارمەندانی یانەکەی کەم بکاتەوە، بەڵام ئەمجارەیان ئەستەمە ئەم کارەیان پێ بکرێت.

رۆژنامەی وەرزشی مارکای ئیسپانیا باس لەوە دەکات ماوەیەکە کارگێری یانەی بارسێلۆنا داوای لە یاریزان و کارمەندانی یانەکەی کردووە بە هۆی ئەو قەیرانە بەردەوامەی کە سەری هەڵداوە، نزیکەی ٪30 لە موچەیان کەم بکرێتەوە، بەڵام یاریزانەکانی تیپی یەکەم بە هەموو شێوەیەک ئەو داوایەیان رەتکردووەتەوە و هەڕەشەی ئەوەشیان کردووە لە ئەگەری کەم کردنەوەی موچەکانیان، ئەو کات لە دادگا دژی سەرۆکی یانەکەیان سکاڵا تۆمار دەکەن.

سەرەتاکانی ئەمساڵ بوو کاتێک ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبویەوە، تاوەکو ئێستا رێگە بە هاندەران نەدراوە لە یاریگەکان ئامادەبن، بۆیە یانەکان تووشی زیانێکی دارایی گەورە بوینە و بارسێلۆناش یەکێکە لەو یانانە و دەیانەوێت بە دووبارە کەمکردنەوەی موچەی یاریزانەکان و کارمەندەکانیان، ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن.