بەرپرسی لقی پارتیی بەغدا: پێموانییە ئەم کارە وا بە سانایی تێپەڕبێت

"چەند رۆژێکە هەڕەشەمان لەسەرە"

K24 - بەغدا

بارەگای لقی 5ـی پارتی لە بەغدا، بەیانی ئەمڕۆ لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبییەوە بە ئاڵای کوردستانەوە سووتێنرا. لقی پێنج پێشتر هەڕەشەیان لێکراوە و زانیارییان هەبووە بۆیە ئەمڕۆ چۆڵ کرابوو و لەهەمان کاتدا رووداوەکەش زیانی گیانی نەبوو، بەپرسی لقەکەش لەڕێگەی کوردستان24ـەوە دەڵێ "پێموانییە ئەم کارە وا بەئاساییی و ئاسانی تێپەڕێت".

ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی به‌ ئاڵای حه‌شده‌وه‌، ئەمڕۆ (شەممە، 17-10-2020) هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناوچەی کەرادەی بەغدا، هێزە ئەمنییەکان کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ پاراستنی بارەگاکە لەدوای هەڕەشەکانەوە دانرابوون، هیچ بەرگرییەکیان نەکرد و بارەگاکە بەتەواوی سووتێنرا.

شوان محەمەد تەها، بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا لەڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند "ئێمە پێشتر زانیاریمان لەبارەی ئەو هێرشەوە هەبووە. بە روون و ئاشکرا سێ رۆژە لەژێر ناوی جیا جیادا هەڕەشەیان لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکرد. ئێمەش هەڕەشەکەمان وەکو خۆی گەیاندووەتە حکومەتی فیدراڵی و دوێنێ ژمارەیەک هێزی ئەمنییان لە دەوروبەری لق دانا، بەڵام ئەمڕۆ بەڕاستی ئەو پاسەوانانەی بۆ پاراستنی لق دیاریکرابوون، هیچ بەرپەرچدانەوەیەکیان نەبوو".

لەبارەی زیانە گیانییەکانی هێرشەکە، بەرپرسی لقی بەغدای پارتی رایگەیاند "چونکە زانیاریی پێشوەختەمان هەبووە، سوپاس بۆ خوا هیچ زیانێکی گیانیمان نەبوو".

هەروەها سەبارەت بە کاردانەوەی پارتی لەدوای رووداوەکە، شوان محەمەد تەها گوتی "جێگەی نیگەرانییە بارەگایەکی لقێک کە تەمەنی نزیکەی 80 ساڵە بسووتێنرێت. بەدڵنیاییەوە ئەمە تێکدانی حوکمڕانییە... ئێمە سەرکردایەتیی سیاسیمان بڕیار لەسەر ئەوە دەدات هەڵوێستمان چی دەبێت، پێموانییە ئەو کارە بەو شێوەیە بە سووک و سانایی تێپەڕبێت".

چەند رۆژێکە لایەنگرانی حەشدی شەعبی هەڕەشە لە لقی بەغدای پارتی دەکەن، بەهۆی ئەوەی هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر باسی له‌وه‌ كردووه‌، به‌شێك له‌ میلیشیاكان بوونه‌ته‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیری له‌ عێراق.

 

 

هـ.ر.