ھێمن ھەورامی: دەبێ ھەرسێ سەرۆكایەتی عێراق لێپێچینەوە لە ئەنجامدەرانی رووداوەكەی بەغدا بكەن

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پەیامێك بڵاودەكاتەوە

K24 – ھەولێر

ھێمن ھەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی سوتاندنی بارەگای لقی پارتی لە بەغدا و سوكایەتیكردن بە ئاڵای كوردستان رایدەگەیەنێت "جێگای نیگەرانیەکی زۆرە ئەم رووداوە بە بەرچاوی ھێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە ئەنجامدرا. ئەم کردەوە شەرمەزاری و نا بەرپرسیارانەی لایەنێکی ناو حەشدی شەعبی، دووپاتی ئەو عەقڵیەتە شۆڤینی و مەزھەبیە توندڕەو و تاریکپەرستیە دەکاتەوە، کە بە درێژایی 100 ساڵی عێراق، نەتەوەی کورد و پیرۆزییەکانی لای ئەمانە قبوڵکراو نییە".

لە پەیامێكدا ھێمن ھەورامی نووسیویەتی: "بە توندی  ئیدانەی پەلاماری بەشێک لە ھێزەکانی حەشدی شەعبی دەکەین کە ترسنۆکانە بارەگای لقی 5 ی پ.د.ک  سوتاند و ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان لەگەڵ ئاڵای پارتی ھێنایە خوارەوەو پێکەوە ژێر پێیان خستن. جێگای نیگەرانییەکی زۆرە ئەم رووداوە بە بەرچاوی ھێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە ئەنجامدرا. ئەم کردەوە شەرمەزاری و نا بەرپرسیارانەی لایەنێکی ناو حەشدی شەعبی، دووپاتی ئەو عەقڵیەتە شۆڤینی و مەزھەبیە توندرەو و تاریکپەرستیە دەکاتەوە، کە بە درێژایی 100 ساڵی عێراق، نەتەوەی کورد و پیرۆزییەکانی لای ئەمانە قبوڵکراو نییە. رووداوەکەی ئەمڕۆ ئەلقەیەکی دیکەی زنجیرەی ئەو کارەسات و نەھامەتیانەن کە ھەمان عەقلیەت لە بەرگی  بەشێکی نیزامی مەلەکی و حەرەس قەومی و بەعس و داعش و قاعیدە  بەرامبەر کورد و کوردستان  کراوەو دەکرێت".

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەشڵێت: "دەبێت سەرۆک کۆماری عێراق و سەرجەم کوتلە کوردستانییەکان و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان لە ئاست ئەم پێشھاتە ھەڵوێستی روون و ھەنگاوی کرداری بنێنن بۆ ئیدانە کردن و لێپێچینەوە لە ئەنجامدەران".

ئەمڕۆ شەممە 17/10/2020 ژمارەیەك لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی ھێرشیان كردە سەر بارەگای لقی 5ی پارتی لە بەغدا و سوتاندیان، ھاوكات ئاڵای كوردستانیان ھێنایە خوارەوە و سوكایەتیان پێكرد.