قوباد تاڵەبانی: هەڵکوتانە سەر بارەگای پارتی لە بەغدا جێگەی قبوڵکردن نییە

داوا لە هێزە عێراقییەکان دەکات لەسەر ئەم بێڕێزیکردنە بێنە دەنگ

K24 - هەولێر

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە سووتاندنی ئاڵای کوردستان و بارەگای لقی پێنجی پارتی لە بەغدا رایگەیاند "هەڵکوتانە سەر بارەگای پارتی لە بەغدا جێگەی قبوڵکردن نییە".

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (شەممە، 17-10-2020) پەیامێکی سەبارەت بە رووداوەکانی بەیانیی ئەمڕۆی بەغدا بڵاوکردەوە و، داوای لە هێزە عێراقییەکان کرد "لەسەر ئەم بێڕێزیکردنە بێنە دەنگ، کە پێشێلکردنێکی گەورەی یاسا و دەستوور و سیمای فرەجۆریی عێراقە".


دەقی راگەیەندراوەکە:

قوباد تاڵەبانی سووتاندنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان كە سیبمولی باڵای گەلەكەمانە و هەروەها هەڵكوتانە سەر بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا بە شێوازێكی نایاسایی و ناشارستانی جێگای قبوڵکردن نییە و هێرشە بۆ سەر هەموو پیرۆزی و بارەگا کوردستانییەكان لە پایتەختی فیدراڵی عێراق.

بە توندی ئیدانەی ئەم هەنگاوە دەکەم و داواش لە هێزە عێراقییە هاوپەیمان و دۆستەکانمان دەكەین لە بەغدا لەسەر ئەم بێڕێزیکردنە بێنە دەنگ كە پێشێلکردنێکی گەورەی یاسا و دەستوور و سیمای فرەجۆری عێراقە و زاڵكردنی هێزی چەكە بەسەر مەنتیقی عەقڵ و دیالۆگدا، ئەمەش دەمانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی گەورەی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی كورد بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی سەرمان کە ئەمڕۆ گەلەکەمان لەهەموو کات زیاتر پێویستی بەیەکڕیزی و تەبایی هەیە.