دەرفەتێکی مێژووییە.. با لەدەستی نەدەین

Kurd24

ژێرپێخستن و بێ ڕێزیکردن و سووتاندنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، هەمووانی یەکخستەوە و لەم پەڕ بۆ ئەو پەڕی گۆڕەپانی سیاسیی و جەماوەریی کوردستانی هێنایە جۆش و خرۆش ... ئاڵایەک کە دەیان ساڵە بۆتە کفن و دوا پۆشاکی هەزاران شەهیدی قارەمان، ئاڵایەک کە هێمای یەکگرتووی کوردانی هەموو دونیایەو یارو نەیار، بە فەرمی لە کۆبوونەوەو پیشوازی و فرۆکەخانەکاندا بە بەدڵخواز یان  بە ناچاری، هەڵیدەکەن و بەپاڵ ئاڵای وڵاتانەوە دەشەکێتەوەو فێنکایی بە دڵ و دەروونی گشت کوردێک دەبەخشێت، ئەم ئاڵایە لە بەغدای بێ پایەو تەختدا، لە سایەی دەستوورێکی ئەرشییفکراودا، بێ ڕێزیی پێکراو سووتێنرا!

ئەم ڕووداوە نا ئاسایی و پەڕگیرە، هەموو ناکۆکییەکی یەک ڕۆژ پێشتری نێوان کوردانی کاڵکردەوەو هەمووان پێکەوە، وەک یەک، بە یەک دەنگ، سووتاندنی بارەگای پارتی و ئاڵای کوردستانیان شەرمەزارکرد ... کاک قوباد تاڵەبانی زۆر بە ئازارەوە وتی: "سووتاندنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان کە سیمبوڵی باڵای گەلەکەمانەو هەڵکوتانە سەر بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا بە شێوازێکی نایاسایی و نا شارستانی جێگای قبوڵکردن نییەو هێرشە بۆ سەر هەموو پیرۆزی و بارەگا کوردستناییەکان لە پایتەختی فیدراڵی عێراق. بەتوندی ئیدانەی ئەم هەنگاوە دەکەم..... ئەمەش دەمانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتیی گەورەی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی سەرمان، کە ئەمڕۆ گەلەکەمان لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی و تەبایی هەیە".

ئەوە قسەی دڵە ... قسەی کوڕی مامە ... قسەی برازاکەی بارزانییە .... واتا هەر وشەیەکی هەزارو یەک حیسابی بۆ کراوەو هەروا لە هەڵچوونێکی کاتیدا نە وتراوە، ئەو قسانە تەنیا پاشی ڕۆژێک لە بارگرژییەکەی میدیایی نیوانی پارتی و یەکێتی دێت... کاک قوباد تاڵەبانی وێڕای داکۆکییەکی مەردانەو کوردانە لە ئاڵای کوردان ، سووتانی بارەگای پارتییش هاوتا دەکات بە سووتاندنی هەموو بارەگا کوردستانییەکان لەبەغداو ئەو کردەوەیە بە توندی شەرمەزار دەکات... ئینجا بەیادی هەمووانی دێنێتەوە ( بە حیزبەکەی خۆیشییەوە) کە تەنها بە یەکڕیزی و تەبایی دەتوانیین ڕووبەڕووی مەترسییەکانی سەر کوردو کوردستان ببینەوە.

ئەو هەڵوێستەو هەڵوێستی حیزب وکەسایەتییەکانی تری کوردستان، ئاهێکیان هێنایەوە بە بەر خەڵکی خۆڕاگرو قوربانیدەری ئەم وڵاتە کە ماوەیەکە  نائومێدی و ڕەشبینی سەراتاپای ژیانی تەنیوە ... زمانی حاڵی میللەت پێمان دەڵێت: ئەمڕۆ کە تیری دوژمن ئاراستەی ناو دڵی هەمووان دەکرێت، ڕۆژی یەکترشکاندن نیە.. ڕۆژی سنگفراوانی و جڵەوکردنی هەست و هەڵچوون و داچوونەکانمانە ، ڕۆژ ڕۆژی ئەو سەرکردە لێهاتووانەیە کە بڕیاری لەئەستۆ گرتنی بەرپرسیاریتیی مێژوویی دەدەن .. پێویستە هەموو سەرکردە خەمخۆرەکانی وڵات ئەم کارەساتە بکەنە دەرفەتێک بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێی ژیان و پەیوەندیی سیاسیی ، چونکە ناکۆکی و گازندەو گلەیی و ناڕەزایەتییەکانیان لەبەرامبەر یەکدی بەم زووانە نابڕێنەوەو فێر نەبووین و لێشی نازانین چۆن بە هێمنی و بێ سەنگەر لەیەکترگرتن ، یەکلاییان بکەینەوە ، کەواتە هیچ چارەمان نیە دەبێ ئەو سندووقە پڕ لە ئەژدیهای حەوتسەرە ، بە داخراوی لێیگەڕێن و بیدەنە دەس مێژوو لە کەشوهەوایەکی ئارامتردا بڕیاریان لێ بدات.

دەرفەتێکەو هەمووجارێک کارەسات یەکیخستووین ... مێژوو رۆژو دوو رۆژ نیە ... چیرۆکی کورد پڕییەتی لە دووبەرەکی و لەیەکتر حاڵی نەبوون و لووتبەرزی و دانبەیەکتردا نەنان ... لەسەردەمی مادەوە تا بە ئەمڕۆمان دەگات ململانێکانمان ، یەکترشکاندنەکانمان جگە لە ماڵوێرانی و پەرتەوازەیی و لاوازی، بەهیچی تری نەگەیاندووین ، کەواتە با پەندێکی تاڵ لەو مێژووەمان وەرگرین و بۆ یەکجاریش بێ  پێکەوە لەم پردە شلۆقە گڕ تێبەربووە بپەڕینەوە بۆ کەناری ئارام ... ئەوسا لەوێ وەک یەک خێزان، لەسایەو سێبەری ئاڵای شەکاوەی کوردستاندا ، دوو قسەی حەق و ڕەق دەدەین بەڕووی یەکتردا.