"گرێبەستی کڕینی چەک لە عێراق گەندەڵی تێدایە"

بەشێك لە چەكەكان بێ كەڵكن و بەكارناھێندرێن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەیەگەیەنێت، وەزیری بەرگری عێراق پێی راگەیاندون گرێبەستی کڕینی چەک لە عێراق گەندەڵی تێدایە و بەشێک لەو چەکانەشى کڕدراون شیاوی بەکارهێنان نین. پسپۆڕێکی سەربازیش کە پێشتر لە سوپای عێراق بووە دەڵێت "گەندەڵی لە کڕینی چەک لە عێراق بڕەكەی نزیکەی 150 ملیار دۆلارە".

بەشێکی زۆری گەندەڵی لە عێراق، لە گرێبەستی کڕینی چەک و پێداویستیە سەربازییەکانە کە ئەمەش کاریگەری لەسەر لاوازکردنی سوپای عێراق کردووە. وەزیری بەرگری عێراقیش راشكاوانه ئەمەی بە لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق گوتووە. یەکێک لەو گرێبەستانەى گەندەڵی تێدا كراوه گرێبەستی کڕینی چەکی قورسە لەگەڵ ئۆکرانیا کە زرێپۆش و کاتیۆشا و پەمپی سوتەمەنی فڕۆکەکانە.

ناسر هەرکی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە كوردستان24ی راگەیاند: "جومعە عناد، وەزیری بەرگری خۆشی لە دانیشتنی لەگەڵ ئێمەدا دانی بەوەدانا كە گەندەڵیەكی زۆر لەناو وەزارەتەكەی ھەیە، بەتایبەتی لە كڕینی چەك و پێداویستی سەربازیی"

گوتیشی: "لیژنەی تایبەت بۆ لێكۆڵینەوە لە گەندەڵی كڕینی چەك و پێداویستی پێكھێنراوە".

ئەو پەرلەمانتارە روونیكردەوە: "یەكێك لە گرێبەستەكانی كڕینی چەك لە ساڵی 2009 لەگەڵ ئۆكرانیا كراوە، بەشێك لە چەكەكان ساڵی 2011 گەیشتووەتە دەستی عێراق، ئەم چەكانە وەك پێویست نەبوونە و گەندەڵی لە كڕینەكە كراوە".

دوای رژێمی بەعس و لە ساڵی 2004وە عێراق گرێبەستی کڕینی چەک و پێداویستی سەربازی لەگەڵ وڵاتان دەکات و رۆژ بە رۆژ توانای سوپاكەی لاواز دەردەكەوێت کە بەشێکی هۆکارەکەی نەبوونی چەك و پێداویستی سەربازی پێویستە.

محەمەد سابیر، پسپۆری بواری سەربازی، كە خۆشی پێشتر لە ریزەكانی سوپای عێراق بووە، دەڵێ: "زۆربەی ئەو چەك و پێداویستیانەی بۆ وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ دەكڕدران، بێ كەڵك بوون و بەكارنەدەھێنران، ھەروەھا گرێبەست و كڕینی چەكەكان لە بە نایاسایی دەكڕدران".

گرێبەستی كڕینی چەک و پێداویستیە سەربازيیەكان یەکێکە لە گەندەڵیە گەورەکانی عێراق، کە پارەیەکی زۆری بۆ تەرخان دەکرێت لە پاڵ بەهەدەردانی ئەو بودجە زورە ئەو چەکانەشى دەکڕدرێن کۆنن و بەشێکیان بەکارناهێنرێن، ئەمەش تا دێت سوپای عێراقى بەرەو لاوازی بردووە  بە جۆرێک بەهۆی ئەو گەندەڵیەوە توانای هێزی ئاسمانی عێراق ئیفلیج بووه و بەشێكى زۆرى فڕۆکەکانیش لەكاركەوتوون.