ئیسرائیل و بەحرەین ئەمڕۆ بە فەرمی مامەڵە دیپلۆماسییەكانیان دەستپێدەكەن

لەدوای واژۆکردنی راگەیەندراوێک دەتوانن باڵیۆزخانە لە وڵاتی یەکدی بکەنەوە

K24 - هەولێر

ئیسرائیل و بەحرەین پلانیان هەیە ئەمڕۆ راگەیەندراوی ئاساییکردنی پەیوەندییەکانیان لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین واژۆبکەن، کە بەهۆیەوەی دەست بە پەیوەندیی دیپلۆماسی و ئاشتی دەکرێت لەنێوان هەردوو وڵات.

رۆژنامەی جێروزالێم پۆست لە راپۆرتێکدا ئەمڕۆ لەزاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە بەبێ ئەوەی ناوی بهێنێت بڵاوی کردەوە "لە سبەیەوە پەیوەندییەکی تەواوی دیپلۆماسی لەنێوان بەحرەین و ئیسرائیل دەبێت، دوای واژۆکردنی راگەیەندراوەکە".

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش كردووە، شاندێكی ئیسرائیل سەردانی مەنامە دەكات و لەگەڵ بەرپرسانی بەحرێن راگەیەندراوێکی ھاوبەش واژۆدەكەن، دواتر ھەردوولا باڵیۆزخانەی وڵاتەكانیان دەكەنەوە و مامەڵەی دیپلۆماسی دەستپێدەكەن.

لە 15ـی سێپتەمبەری ئەمساڵ بە نێوەندگیری ئەمریكا ئیسرائیل و بەحرێن لە واشنتن رێککەوتنی ئاشتییان واژۆکرد.

بەرپرسە ئیسرائیلییەکە باسی لەوەش کردووە لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا و بەدیاریکراوی لەدوای واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتی، گفتوگۆی زۆر کراوە لەگەڵ بەحرەینییەکان و هەردوولا گەیشتوونەتە چەند رێککەوتنێک، کە دەبنە بنچینەی پەیوەندییەکانیان لە بوارەکانی: مەدەنی، دیپلۆماسی، پەیوەندییەکان و کشتووکاڵ.

ئەو شاندە ئیسرائیلییەی ئەمڕۆ لە مەنامە رێککەوتنەکە واژۆدەکەن، شاندێکی باڵای ئەمەریکیشیان لەگەڵدایە، بەرپرسە ئیسرائیلییەکە لەمبارەیەوە گوتوویەتی "لەکاتێکدا ئەمەریکا خەریکی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییە، هاتنی ئەو شاندە ئەمەریکییە گرنگیی هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ ئاشتی دەردەخات"و، جەختی کردەوە لەوەی "ئەمەریکا بووەتە هۆی ئەوەی پەیوەندییە ئارامە 20 ساڵییەکەمان لەگەڵ بەحرەین بگۆڕین بۆ پەیوەندییەکی دیپلۆماسیی کراوە و پێمان وایە زۆر دەرفەت لەو رێککەوتنەدا هەن".

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 18-10-2020) راگەیەندراوەکە لە ئاهەنگێکدا واژۆبکرێت و، هەردوو وڵات دوای ئەوە دەتوانن باڵیۆزخانە لە وڵاتەکانی یەکدی بکەنەوە.

 

هـ.ر.