نیۆفاشیسته‌کانی عێراق
سه‌ره‌تا با له به‌شێک له په‌رله‌مانتاره کورده‌کانی عێراقه‌وه ده‌ستپێبکه‌م، که به‌داخه‌وه به تۆزقاڵ چییه ویژدانی کوردایه‌تییان تێدا نییه و هاوشێوه‌ی نیۆفاشیسته‌کانی عێراق مامه‌ڵه‌ی هه‌رێم ده‌که‌ن. نیۆفاشیسته‌کانی عێراق مه‌زهه‌بگه‌ران، نیۆبهعسیین، حه‌شدن، داعشن. هه‌موو ئه‌مانه له هێرشکردنیاندا بۆسه‌ر کورد خاوه‌نی ئارگومێنتن. به‌شێک له په‌رله‌مانتاره کورده‌کانی عێراقیش خاوه‌نی ئارگومێنتن له‌سه‌ر ئارگومێنته‌کانی ئه‌م نیۆفاشیستانه، بۆ نموونه کاتێک نیۆفاشیسته‌کان وته‌ی هۆشیار زێباریی ده‌که‌نه ئارگومێنتێک بۆ هێرشکردن و هێرش ده‌که‌نه سه‌ر باره‌گای لقی پێنجی پارتی دیموکرات، به‌شێک له په‌رله‌مانتاره کورده‌کانی عێراق ده‌بنه خاوه‌نی ئار‌گومێنت له‌سه‌ر ئارگومێنته‌کانی هێرشکه‌ران و هۆشیار زێباریی ده‌که‌نه هۆکاری لێکه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌م کاره‌ساته.
نیۆفاشیسته‌کانی عێراق به ڕۆژێک دوای ناپاکیی 16ی ئۆکتۆبه‌ر، به ڕۆژێک دوای یادی داگیرکارییان، داگیرکارییه‌کی فاشیستانه‌ی مۆدێرن، که عه‌بادیی تێیدا ده‌ڵێ، که‌رکووکیان له ده‌ستی گه‌نده‌ڵکاران و بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی رزگارکرد و ئاڵای عێراقیان تێدا هه‌ڵکرد. به ڕۆژێک دوای ئه‌م یاده ڕه‌شه، ئارگومێنتێکی تر ده‌دۆزنه‌وه، که وته‌یه‌کی هۆشیار زێبارییه و ده‌یکه‌نه بیانوویه‌ک بۆ هێرشکردنه سه‌ر باره‌گای پارتی دیموکرات له به‌غداد. نیۆفاشیسته‌کان به‌مه‌شه‌وه ناوه‌ستن و ئاڵای کوردستانیش له‌گه‌ڵیدا ده‌سووتێنن. به‌شێک له ئه‌ندام په‌رله‌مانتاره کورده‌کانی عێراق، هاوشێوه‌ی عه‌بادیی و نیۆفاشیسته‌کان هێرش ده‌که‌نه سه‌ر پارتی دیموکرات، بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی، هۆشیار زێباریی و تاوانباریان ده‌که‌ن به هه‌ڵگیرساندنی ئاشووب و ئاژاوه.
تێرمینۆلۆگیی پارتی دیموکرات، تێرمینۆلۆگیی سه‌رۆک بارزانیی، سه‌ربه‌خۆیی و خۆدانهچهماندنه. هاوشێوه‌ی به‌شێک له په‌رله‌مانتاره کورده‌کانی عێراق، پراکتیزهکهرانی ناپاکیی 16ی ئۆکتۆبه‌ر، پارتی دیموکرات و سه‌رۆک بارزانیی تاوانبار ده‌که‌ن به له‌کیسدانی به‌شێکی گه‌وره‌ی باشووری کوردستان. لێ خودی ئه‌م خۆخۆرییه هۆکاری گه‌وره‌ی ده‌ستدرێژیکردنی زیاتره بۆسه‌ر کورد. بێده‌نگبوون و پهسهندێتییدان به ده‌ستدرێژییکردنه سه‌ر لایه‌نێک، شارێک، گوندێک ...هتد. ڕێگاپێدانی زیاتر و پهسهندێتییه بۆ ده‌ستدرێژیکردنی زیاتر.
ئه‌گه‌ر عه‌بادیی سه‌رۆک وه‌زیران بووایه ئێستا، ئه‌وا نه‌ک باره‌گای پارتی دیموکراتی له به‌غداد ده‌سووتاند، به‌ڵکو هێرشی ده‌کرده سه‌ر هه‌ولێریش. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، بۆچیی؟ وه‌ڵام، چونکه جارێک تاقیکردۆته‌وه و سه‌رکه‌وتوو بووه له که‌رکووک، سه‌رکه‌وتنیشی به هاوکاریکردنی کورد خۆی بووه، هه‌ربۆیه دڵنیایه له‌وه‌ی، که به پشتگیریی کورد خۆی ده‌توانێت هه‌موو باشوور داگیربکاته‌وه. هه‌نووکه پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که چیبکه‌ین؟ وه‌ڵام، پیشاندانی هه‌ڵوێسته، هه‌ڵوێستێکی گشتگیر و پراکتیزه‌کردنی هه‌ڵوێسته.
هه‌نووکه له هه‌موو کات زیاتر پێویسته کار له سه‌ر جووڵاندنی شه‌قامی کوردی‌دا بکرێت له ناوچه داگیرکراوه‌کاندا بۆ وه‌ده‌رنانی هێزه عێراقییه‌کان تێیاندا، ئه‌مه‌ش وه‌ک وه‌ڵامێک بۆ به‌غداد. جووڵه‌یه‌کی شۆڕشگێڕانه به ڕۆحێکی شۆڕشگێڕانه‌ی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه.