مەلا هەڵۆ لەسەر سکاڵای پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی دەستگیرکرا

لە بنکەی پۆلیسی بەختیاری لە سلێمانی دەستبەسەرە

K24 - سلێمانی

دوای ماوەیەک لە هێرشکردنە سەر ئەو کچانەی لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان دەخوێنن و چالاکن لە وتارێکیدا، مەلا هەڵۆ، مامۆستای ئایینی ئەمڕۆ لەسەر سکاڵای پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی دەستگیرکرا.

سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند "لەسەر سکاڵای پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی سلێمانی، مەلا هەڵۆ دەستگیرکراوە، ئەمەش بە تۆمەتی تەشھیر و ناوزڕاندن. دادوەر سکاڵاکەی جوڵاندووە و ئێستا بە بڕیاری دادوەر لە بنکەی پۆلیسی بەختیاری دەستبەسەرە".

مەلا هەڵۆ به‌وه‌ تۆمه‌تبار كراوه‌، لەو وتارێکدا هێرشی کردووەتە سەر پەیمانگای هونەرە جوانەکان بەگشتی و کچەکانیان بەتایبەتی و گوتویه‌تی: " نەک هەر خۆیان کافرن، ئەو کچانەی باوکیان رێگەی داون ئەو کارە بکەن، باوکیشیان کافرە تەنانەت هەموو ئەوانەش کە سەیریان کردوون کافرن".

شانۆگەرییەکە لە سەرەتای ئەمساڵ لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی کەلار پێشکەشکرا، بەهۆی ئەوەی باسی مەلا دەکرێت و وەکو کەسێکی "خراپ" ناوی دەهێنرێت، ئەو بەشەی شانۆگەرییەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو و رەخنەی زۆریشی لێ گیرا، گوتارەکەی مەلا هەڵۆش لە چوارچێوەی ئەو کاردانەوانە بوو. 

هـ.ر.