تویتەکەی هۆشیار زێباری و کراسەکەی ئیمام عوسمان

Kurd24

لە مێژوودا کراسەکەی ئیمام عوسمانی کوڕی عەفان رەزای خودای لێبێت،  بووه‌تە حیکمەت و زاراوەیەکی سیاسی مێژووی مەزن بۆ دەرس و پەند لێ وەرگرتن، کاتێ کە بەناحەق شەهید دەکرێ دوایی ئەو رووداوە گەورەیە ئیدی جیهانی ئیسلامی دووچاری هەژان و لێکترازانێکی وا دەبێتەوە کە تا ئەمڕۆشی لەگەڵ دابێ وەک خۆی لێنەهاتووه‌تەوە، دووچاری دووبەرەکی و شەڕی گەورەی ناوخۆیی بووه‌ته‌وە، هەر دوای شەهید بوونی ئەو ئیمامە، معاویەی کوڕی سوفیان کە ئەمیری ولایەتی شام بوو لەو سەردەمەدا، خۆی دەیویست ببێتە ئەمیری هەموو مسوڵمانان و کێشەی لەگەڵ ئیمام عەلی رەزای خوای لێبێت هەبوو، بۆیە معاویە کراسە خوێناویەکەی ئیمام عوسمانی هەڵگرت و داوای تۆڵەی خوێنەکەی لە ئیمام عەلی کرد، هەروەک  بەهانەیەک بۆ ئەوەی ئیمام عەلی رەزای خوای لێبێت شوێنی ئیمام عوسمان رەزای خودای لێبێت نەگرێتەوە، هەستا ولایەتی شامی دابڕی و بەیعەتی نەدایە ئیمام عەلی رەزای خودای لێبێت، بەو هۆیەوە موسڵمانان لە نێو خۆیاندا دووچاری شەڕی مەزن بوون و بوونە دووبەرە ودابەش بوون تا بە ئەمڕۆدەگات ئەم دابەش بوونە بەردەوامە، ئەگەرنا ئیمام عەلی لە رووداوی شەهیدکردنی ئیمامی عوسمان زۆر بەری بوو،  زۆریش هەوڵیدا هێرش کەران رابگرێت،  بەڵام لە توانای کەس نەمابوو، بەکۆمەڵ هێرشیان هێنایە سەر ئیمامی عوسمان و لە کاتی قورئان خوێندنەوەیدا شەهیدیان کرد،  ئیدی لەو رۆژەوە کراسی ئیمامی عوسمان وەک زاراوەیەکی گرنگی نێۆمێژووی لێهاتووە و بەکاردێت بۆ کارێک کە مەرامی تری شاراوەی لە پشتە .

ئەوەی ئەمڕۆش حەشدی شەعبی تویت و ڵێدوانەکانی هۆشیاری زێباری کردۆتە بەهانە بۆ سووتاندنی بارەگای لقی پارتی لە بەغدا، مەرام و مەبەستی تری شاراوەی لە پشتە، یەک لەو مەبەست و مەرامە سەرەکییانە رێککەوتنی شەنگالە،  حەشدو هاوپەیمانەکانی زۆر نیگەرانن لەو رێککەوتنە، پێیانوایە کۆتایی هێنانە بە نفوزی ئێران لەو ناوچە گرنگە، کە دەکەوێتە سەرسنووری عێراق و سوریا و نزیکە لە ئیسرائیلەوە، واتە دەبێتە هۆی دابڕانی هێلی ئەو هاوپەیمانیەتەی نێوان سوریا و ئێران و حەشدو پەکەکە و حزب وللای لوبنان و روسیا، کە هەموویان پێکەوە لە شەڕو ململانێدان لە گەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی نەک هەرلە عیراق بەڵکولە تەواوی ناوچەکەدا، بۆیە دوور نییە لە داهاتوویەکی نزیکدا پەکەکە ئاگری شەڕێک لەگەڵ پارتی هەڵگیرسێنێ لەسەر سنوورەکان،  بۆ کشانەوە یان جێبەجێ نەکردنی ئەو رێککەوتنەو دەرنەکردنی پەکەکە لە شەنگال و دەورووبەری، هەروەها نامەیەکیش بوو بۆ حکومەتەکەی کازمی کە دەستلێدان لە نفوزو دەسەڵاتی حەشد هێلی سوورە و کەس ئەو مافەی نییە، دەست بۆ کارێکی وا ببات .