فڕۆكەی پێشكەوتوو و مووشەكی دوورھاوێژ... نەمانی ئابڵووقەی چەك لەسەر ئێران چ واتەیەكی ھەیە؟

رووسیا و چین ترسیان ھەیە لە فرۆشتنی چەك بە ئێران

K24 – ھەولێر:

راپۆرتێكی رۆژنامەوانی باس لە بابەتی لابردنی ئابڵوقەی چەك لە سەر ئێران دەكات، كە نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بەسەریدا سەپاندووه‌. ئاماژەش دەكات، دوای نەمانی ئەو ئابڵوقەیە، ئێران دەتوانێت سیستەمی بەرگری ئاسمانی و چەكی ئاسایی بكڕێت.

راپۆرتەكە گۆڤاری "ئیكۆنۆمیست"ی بەریتانیایی لە 18ی تشرینی یەكەمی 2020 بڵاویكردووەتەوە و گوتوویەتی: "له‌مه‌ودوا ئێران دەتوانێت چەكی ئاسایی، وەك: تانك، فڕۆكەی شەڕكەر و سیستەمە مووشەكییەكان بكڕێت".

ئەمەش دەقی راپۆرتەكەیە:

یەكشەممە، قەدەغەكردنی كڕین و فرۆشتنی چەكی ئاسایی لەسەر ئێران نامێنێت، ئەو قەدەغەكردنە لە لایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە لە ساڵی 2007 بەسەر ئێراندا سەپێندرا لە میانی زیادبوونی نیگەرانی لەو كاتدا لە بارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئەو وڵاتە. ئەو رێككەوتنە ئەتۆمییەی واژووكراوە لە ساڵی 2015، ئۆكتۆبەری ساڵی 2020ی وەك دوا كات دانا بۆ كۆتاییھێنان بە قەدەغەكردنەكە.

لە مانگەكانی رابردوودا، ئەمەریكا ھەوڵیدا پشتیوانی كۆبكاتەوە لە پێناو درێژكردنەوەی ئەو ئابڵوقە سەپێندراوە لەسەر ئێران، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، بەھۆی بەرھەڵستكاری رووسیا و چین، كە ھەردووكیان دوو كورسی بەردەوامیان ھەیە لە ئەنجوومەنی ئاسایشدا.

جبەخانەی ئێران پێكھاتووە لە كۆنە تانكەكانی بەریتانی و ھیلیكۆپتەرەكانی ئەمەریكایی و رۆژئاوا ئەم جۆرە ئامێرانەی خستوونەتە نێو مۆزەخانەكاندا.

ئێران سێ بەشی كەرستە و ئامێرە سەربازییەكانی خۆی لەو شەڕە خوێناویەیدا لەگەڵ عێراق، كە 8 ساڵی خایاند، لە میانی ساڵانی ھەشتاكانی سەدەی رابردوو لە دەستدا.

لەگەڵ نەمانی قەدەغەكە لە رۆژی یەكشەممەوە، ئێران دەتوانێت چەكی نوێ بەدەستبێنێت.

ئایە بەدەستھێنانی چەك نزیكبووەتەوە؟

كڕینی چەك یەكسەرە نابێت، زۆر كۆت و بەند ھەن، رێگرن لەبەردەم ئێراندا بۆ جووڵه‌كردن لەم بوارەدا. وەك سزا توندەكانی ئەمەریكا، كە وایكردووە، ئەو وڵاتە بەدەست نەبوونی پارەوە بناڵێنێ. بەفەرمیش، ئێران یەكشەممە رایگەیاند، لەبەرگریكرندا پشت بە خۆی دەبەستێت و بە پێویست نازانێت دوای نەمانی قەدەغەكەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە سەر چەكی ئاسایی پەلە بكات لە كڕینی چەك.

لە راگەیاندراوێكدا، وەزارەتی بەرگری ئێران گوتی: باوەڕ و بڕوای ئێران زۆر بەھێزەوە پشت بە گەل و توانا ناوخۆییەكانی دەبەستێت.. ھیچ شوێنێك بۆ چەكی نائاسایی و چەكی وێرانكاری تەواو و كڕینی چەكی ئاسایی لە "باوەڕی بەرگری ئێرانی"دا نیە.

راگەیاندراوەكە وا راڤە كرا، جەختكردنەوەیە لەوەی تاران  لە بەر چەندین ھۆكار، زۆر خۆی ناداتە چەك كڕین، لەوانەش قەیرانی دارایی و ئەو سزایانەی واشنتن ئاماژەی پێدەكات، دژی ھەر فرۆشیارێك چەك بە تاران بدات.

ھەڵوێستی رووسیا و چین

شرۆڤەكاران دەڵێن: وێڕای ھەڵوێستی ھەر یەك لە رووسیا و چین بۆ كۆتاییھێنان بە قەدەغەكردنی چەك لە سەر ئێران، بەڵام ھەردووكیان چەكی پێ نافرۆشن.

ئۆلیڤەر مایەر، لێكۆڵه‌ر لە پەیمانگای چەك و سیاسەتی ئاسایش دەڵێت: یەكێك لە سەمەرەكانی كۆتاییھاتن بە قەدەغەكردنی چەك، كاریگەرییەكەی لە سەر كڕینی چەكی ئاسایی زۆر سنووردار دەبێت بۆ ئێرانییەكان. گوتیشی: سەرچاوەكانی چەكی ئاسایی ھیچ لە سیاسەتەكانیان ناگۆڕن.

شرۆڤەكارێكی كۆمەڵەی ئۆراسیا بۆ لێكۆڵینەوە، كە بارەگاكەی لە واشنتنە گوتی: لەوانەیە رووسیا و چین بكەونە گفتوگۆ لەگەڵ ئێران، بەڵام زۆر ناڕۆن و چاوەڕێی ھەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا دەكەن.

گوتیشی: ئەم ھەردوو دەوڵەتە بەرژەوەندی گەورەیان لەگەڵ دەوڵەتەكانی ناوچەكە ھەیە و ئەگەر چەكیان بە ئێران فرۆشت، كارەكە زۆر بێزاركەر دەبێت بۆ ئەو دەوڵەتانە.

بە بڕوای ئەو، گرێبەستەكانی چەك كارێكی قورسە بۆ ئێران و پڕ لەمەترسی دەبێت بۆ ئەوانه‌ی سەچاوەی چەكن. 

ھەڵبژاردەی دواتر دەخرێتەڕوو

ھەندێك لە شرۆڤەكارانی دیكە دەڵێن: لەوانەیە دواتر ئێران بەرەو نوێكردنەوەی بەشێك نەك گشت سوپاكەی ھەنگاو بنێت، وەك "كڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی رووسیا - ئێس 400".

لە ساڵی 2019 راپۆرتێكی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا مەزندەیكردووە تاران فڕۆكەی پێشكەوتووی جەنگی دەكڕێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، مایك پۆمپێیۆ پێشتر گوتی: ئەگەر قەدەغەكردنی چەك لەسەر تاران لابدرێت، مەترسی ئێران دەگاتە ئەوروپا، چونكە ئەو كات فڕۆكەی پێشكەوتووی جەنگی و مووشەكی دوورھاوێژی دەبێت و جەختیكردەوە، تاران تەنانەت پێش كۆتاییھاتنی قەدەغەكە سەرپێچیی لە بڕیارەكە دەكرد و بەردەوام كەرەستەی سەربازیی بۆ میلیشیاكانی ناوچەكە دەنارد، بە تایبەتی حوسییەكان لە یەمەن.

پۆمپێیۆ ئاماژەی بە راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد، كە دەیسەلمێنێ ئێران چەكی داوەتە حوسییەكان لە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و مووشەكی بالیستی.

سەرچاوە: سكای نیۆز