ئەنجوومەنی باڵای فەتوا سەبارەت بە هاتنەوەی مانگی مەولوود روونکردنەوەیەك بڵاودەکاتەوە
K24- ههولێر:
لەگەڵ هاتنەوەی مانگی موبارەکی رەبیعول ئەوەل، مانگی لەدایکبوونی فەخری کائینات حەزرەتی محهمهد (درودی خوای گەورەی لەسەر بێت)، کە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پێویستی خۆپارێزی و پابەندی بە رێنماییە تەندروستیەکان، ئەنجوومەنی باڵای فەتوا روونکردنەوەیەكی بڵاوكردهوه، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
((قل بفضل الله وبرحمته فبذلك فليفرحوا)) سورة يونس الآية:58.
وێڕای پیرۆزباییکردنمان بە بۆنەی هاتنەوەی یادی لەدایکبوونی فەخری کائینات (صلى الله عليه وسلم) لە خۆمان و گشت موسڵمانانی کوردستان و جیهانی ئیسلامی، لەبەر بارودۆخی ناجێگیری تەندروستی گشتی لە کوردستان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا "کۆڤید - 19" کە رێنماییە تەندروستیەکان وا دەخوازن گردبوونەوە نەکرێت بۆ هیچ بۆنەیەك.
لەو روانگەوە وەك ئەنجوومەنی باڵای فەتوا پێمان باشە بۆ ئەمساڵ شێوازی ئاهەنگگێڕانەکە لە گردبوونەوە لە ماڵ، مزگەوت، خانەقا و تەکیەکان بگۆڕدرێت بە دەربڕینی دڵخۆشی بە بڵاوکردنەوە و هەڵواسینی لافیتە و دروشمەکان لە شوێنە گشتیەکان و هەروەها لە سۆشیال میدیا.
ئاشکرایە کە مەولوودکردن واتە دەربڕینی خۆشحاڵی و خۆشەویستی و ئەنجامدانی خێر، سەدەقە و چاکە بۆ رۆحانیەتی پیرۆزی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت)، ئاساییە ئەو سەدەقە، خێرو چاکانەش، کە موسڵمانان دەیکەن، بدرێنە هەژاران و بەشێوەی خۆی بڵاوبکرێتەوە، چونکە سەدەقە دەفعی بەڵا و موسیبەت دەکات بەپێی دەقەکانی شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام، ئەم جۆرەش هەر بەشێکە لە کاری پیرۆزی مەولوودنامە و یادەوەری لەدایکبوونی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت)، خوای گەورە هاوکاری دڵسۆزانه.
ئەنجومەنی باڵای فەتوا
18ی10ی2020ز
1/ربیع الأول/1442 ك
H.B