بۆچی ئاڵای کوردستان و بارەگای پارتی لە بەغدا سووتینران؟
K24 - هەولێر
"بۆچی ئاڵای کوردستان و بارەگای پارتی لە بەغدا، کە حیزبی دەسەڵاتدار نییە لە پایتەختی عێراق، سووتێنران؟" ئەو پرسیارە لەدوای رووداوەکانی رۆژی شەممەی رابردوو دروستبوون، شرۆڤەکارێکی سیاسیی کوردیش هۆکارەکەی رووندەکاتەوە.
ئاسۆ عەبدوللـەتیف، چاودێری سیاسی لە سلێمانی، لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 سەبارەت بە سووتاندنی ئاڵای کوردستان و بارەگای پارتی لە بەغدا میوان بوو.
ئەو چاودێرە سیاسییە دەڵێ "سووتاندنی ئاڵای کوردستان و بارەگای لقی پێنجی پارتی لە بەغدا، کە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی بەغدایە، بەهەر جۆرێک شرۆڤەی بکەی، کارێکی قێزەون و ئابڕووبەرانەیە، بەتایبەتی لەلایەن تاقمێکی لایەنگری حەشدی شیعی لە عێراق".
لەبارەی ئامانجەکانی ئەو کارە، ئاسۆ عەبوللـەتیف دەڵێ "کۆمەڵێک ئامانج هەن لە سووتاندنی بارەگای لقی پێنجی پارتی و ئاڵای کوردستان، سادەترینیان ئەوەیە گرووپێکی حەشدی شیعی ئامادە نییە هەرگیز کورد لە چوارچێوەیەکی دەستووری و یاساییدا لە سنووری هەرێمی کوردستان بە مافەکانی خۆی شاد بێت".
ئامانجێکی دیکەی ئەو لایەنگرانەی حەشدی شەعبی بە گوتەی ئاسۆ عەبدوللـەتیف ئەوەیە "ئێستا دانوستانێک هەیە لەنێوان کورد و حکومەتی مستەفا کازمی"، کە ئەمان نایانەوێت ئەو دانوستانە بەردەوام بێت.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا ئەو چالاکوانە سیاسییە باس لەوە دەکات "سووتاندنی ئاڵای کوردستان، کە سیمبولی هەرێمی کوردستانە دەرخەری ئەوەیە: بەڵێ حکومەتی کازمی تائێستا نەیتوانیوە کۆنترۆڵی تەواوی شەقامی عێراقی بکات، بەتایبەتی شەقامی بەغدا، هەروەها نەیتوانیوە ئەو چارەسەرەی لە سەرەتاوە بانگەشەی بۆ دەکرد، بەتەواوی کاری لەسەر بکات".
هـ.ر.