مستەفا چاوڕەش: ھەموومان شانازی بە ئاڵای كوردستانەوە دەكەین

"حەشدی شەعبی چەند ساڵێكە دامەزراوە و ھەر رێكخراوە ئاڵای خۆی ھەیە، بۆچی بۆ ئەوان رەوا بێت و بۆ ئێمە بە رەوای نابینن"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی ھێزەكانی 70ی پێشمەرگە، لەبارەی ھێرشكردنە سەر بارەگای لقی 5ی پارتی لە بەغدا و سوتاندنی ئاڵای كوردستان لەلایەن ژمارەیەك لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی بە كوردستان24ی راگەیاند: "ھەموومان شانازی بە ئاڵای كوردستانەوە دەكەین و لە كۆماری مھابادەوە تائێستا ھەزاران كەس گیانیان خۆیان لەپێناو ئاڵا بەختكردووە، دواتر لە شۆڕشی ئەیلوولەوە تائێستا ئاڵا سیمبولی ئێمەیە".

گوتیشی: "یانەیەكی وەرزشی ئاڵای خۆی ھەیە و بەرگری لێدەكەن، میللەتێك بەم ھەموو خەبات و قوربانیدانە و ئاڵای خۆی ھەیە، چۆن رێگە دەدرێت ھەندێك كەس بیسوتێنن".

مستەفا چاوڕەش، ئاماژەی بەوەشكرد: "حەشدی شەعبی كە چەند ساڵێكە دامەزراوە و لە چەند رێكخراوێك پێكھاتوون، ھەر رێكخراوە و ئاڵایەكیان ھەیە و بەرزی دەكەنەوە، بۆچی بۆ ئەوان رەوابێت و بۆچی ئێمە بە رەوای نابینن، ئەگەر قسەیەكیش كراوە، دەكرێ گلەیی بكرێت و رەخنە بگیرێت، بەڵام ھەق نییە ئاڵا بسوتێنرێت، لەم دۆخەدا ئەم جۆرە رەفتارانە دەبنە مایەی بێ متمانەی لەنێوان لایەنەكانی عێراق، لە ھیچ دۆخێكدا ناكرێ كەسمان دەست بۆ پیرۆزییەكانی ئەویتر ببەین".

باسی لەوەشكرد: "پێش پرۆسەی ئازادی عێراق، كورد ھاوكاری زۆربەی سەركردەكانی عێراقی كردووە، ئێستا كە ناوچەكانیان ئازاد كراوە ھەقە ئەو رۆژانەیان لەبیربێت، بەتایبەتی لەم دۆخەدا دەبێ ھەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراق بە ھەستیارییەوە ھەنگاوبنێن بۆ چارەسەری كێشەكان نەك ئەم جۆرە رەفتارانە بكەن و دۆخەكە ئاڵۆزتر بكەن، پێویستە مستەفا كازمی لەگەڵ لایەنە شیعەكان دانیشێت، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە ئەمە دووبارە نەكەنەوە".

مستەفا چاوڕەش، راشیگەیاند: "ئەو ئاڵایەی لە بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان سوتێندراوە ئاڵای پارتی نییە، بەڵكو ئاڵای میللەتێكە و ھی ھەموو خەڵكی كوردستانە و ھەستی خەڵكی كوردستانی پێ بریندار كراوە، پێویستە ئێمەش خۆمان ھەڵوێستەكانمان یەكخەین، دەبێ واز لە نووسینی خراپ و ھێرشكردنە سەر یەكتر بێنین، كاتێك لە بەغدا ئاڵامان دەسوتێنن و ئێمەش لێرە بكەوینە گیانی یەكتر ئیتر چاوەڕێی چی بكەین؟، بۆیە پێویستە لەسەر مێزی گفتوگۆ كێشەكانی خۆمان چارەسەر بكەین، ئەگەر چاكەمان كردووە دەستكەوتی ھەموومانە ئەگەر خراپیشمان كردووە ھەموومان بەشداربووینە، بەڵام بە یەكگرتوویی دەتوانین دەسكەوتی زیاتر بە دەستبێنین".