كازمی چەند پرسێك لەگەڵ ماكرۆن تاوتوێ دەكات

سەرۆك وەزیرانی عێراق لە فەرەنسایە

K24 - ھەولێر

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەسەردانێک گەیشتە فەرەنسا بڕیارە لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆك کۆماری فەرەنسا و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە كۆببێتەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشكرای كرد، ئەمڕۆ دووشەممە 19/10/2020، لە کۆشکی لیزانڤالید لە پاریس، بە ئامادەبوونی وەزیری بەرگریی فەرەنسا، فلۆرانس پارلی رێورەسمی پێشوازیکردن لە مستەفا کازمی سازکراوە. دواتر کازمی لە کۆشکی ماتینیۆ لەگەڵ هاوتا فەرەنسییەکەی، جان کاستێکس کۆبووەتەوەوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، مستەفا کازمی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا سەردانی کۆشکی ئیلیزێ دەکات و لە میانیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆك کۆماری فەرەنسا، و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەیشداوە، لە میانی کۆبوونەوەکانی مستەفا کازمی لەگەڵ بەرپرسانی فەرەنسادا، سەبارەت بە پتەوترکردنی پەپوەندیی دووقۆڵیی و هاوکارییە هاوبەشەکانی نێوان بەغدا و پاریس لە بوارەكانی ئابووری و ئەمنی و تەندروستی گفتوگۆ دەکرێت.

بڕیارە لە دوای فەرەنسا سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی ھەر یەك لە وڵاتانی ئەڵمانیا و بەریتانیا بكات.

كازمی چەند پرسێك لەگەڵ ماكرۆن تاوتوێ دەكات
كازمی چەند پرسێك لەگەڵ ماكرۆن تاوتوێ دەكات