میسال ئالووسی: شاندی عێراق لە لەندەن گفتوگۆ لە سەر ئاساییكردنەوەی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان بەغدا و تەلەئەبیب دەكات

عێراق نابێتە دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری تا پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی نه‌كاته‌وه‌

K24 – ھەولێر:

كه‌سایه‌تی سیاسیی عێراقیی نزیك لە ئیدارەی ئەمەریكا، میسال ئالووسی، رۆژی دووشەممە رایگەیاند، شاندی حكومەتی عێراق لەم گەشتە ئەوروپاییەدا كە دوێنی دەستیپێكرد و ھەر یەك لە پاریس، بەرلین و لەندەن دەگرێتەوە، گفتوگۆ لەسەر پرسی "ئاساییكردنەوە"ی په‌یوه‌ندیی نێوان بەغدا و تەلئەبیب دەكات.

ئالووسی بە سایتی شەفەق نیوزی راگەیاندووە، "بە ملیۆنان عێراقی نامە بە رێگای جیاجیا دەنووسن و داوای "ئاساییكردنەوە"ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان بەغدا و ئیسرائیل دەكەن و بە شێوەیەكی گشتی ھیچ كێشەیەكی عێراقی- ئیسرائیلی نییە".

ئاشكراشیكرد، عێراق زۆر پێویستی بە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانییەتی لەگەڵ ئیسرائیلدا و عێراق نابێتە دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری تا وەكو بەرەو ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل جووڵه‌ نه‌كات، به‌ تایبه‌تی پێش ئەوەی ھەندێك وڵاتی دیكەی عەرەبی ئەو ھەنگاوە بنێن.

ئالووسی گوتیشی: گەشتەكەی شاندی عێراق بۆ لەندەن، كۆبوونەوەی فەرمی و نافەرمی بەخۆیەوە دەبینێ بۆ گفتوگۆكردن لە سەر پرسی ئاسایییكردنەوە".

جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەھا ئەعرەجی پێشتر لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاندبوو "عێراق ئامادەیە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیلدا و دۆخەكانیش زۆر لە بارن.

گوتبووشی: لەوانەیە بڕیاری ئاساییكردنەوە لە نەجەفەوە دەرچێت، نەك لە بەغدای پایتەختەوە، لە ئاماژەیەكدا بوو مەرجەعە دینییەكانی شیعە".

ھەروەھا حكومەتی عێراق پێشتر لە میانی لێدواندا لە سەر پرسی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان تەلئەبیب و ئەبووزەبی گوتبووی "ئەمە كارێكی ناوخۆی ئەو وڵاتانەیە".

سەچاوە: شەفەق نیوز