راپۆرتی یاسای چاكسازی ده‌گاتە پەرلەمانی كوردستان

حكومەتی ھەرێمی كوردستان راپۆرتی سێ مانگی یاسای چاكسازی رەوانەی پەرلەمان كرد

K24 – ھەولێر

ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان، راپۆرتی سێ مانگی یاسای چاكسازی رەوانەی پەرلەمانی كوردستان كرد و ئەمڕۆ رێكارە یاساییەكانی تەواو دەكرێن و دواتر راپۆرتە دەخرێتە بەر دەستی پەرلەمانتارانی كوردستان.

عەبدولحەكیم خەسرۆ، سكرتێری لیژنەی باڵای چاكسازی لە حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەكاتی ھاتنی بۆ پەرلەمانی كوردستان راپۆرتێكی پێشكەش كرد و راشیگەیاند كە راپۆرتەكە بە وردەكارییەوە بۆ پەرلەمان دەنێردرێت، راپۆرتی چاكسازی راپۆرتێكی گشتگیرە و ھەموو بوارەكان لە خۆدەگرێت وەك یاسای چاكسازی لە دەرماڵە و مووچە و خانەنشینی و ھەموو ئەو مینحە و ئیمتیازانەی لە بودجەی گشتی ھەرێمی كوردستان دەدرێن".

جەختیكردەوە: "راپۆرتەكە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران پەسند كراوە و رەوانەی پەرلەمانی كوردستان كراوە، تێیدا وردەكاری بڕگە و ماددەكان و ئەو ھەنگاوانە خراوەتەروو كە بۆ چاكسازی ھاوێژراون، چونكە لە 1/7/2020 یاسای چاكسازی كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەشێك لە بڕگە و ماددەكانی بە تەواوی جێبەجێكراوە، بەتایبەتی لە بواری خانەنشینی، ھەروەھا قەرزە بازرگانییەكان ھەموو مامەڵەكانی بەرەو كۆتایی دەڕوات، بابەتێكی دیكە پێداچوونەوەیە بە مەلەفی فەرمانبەران كە تایبەتە بە دووبارە ھەژماركردنەوەی خزمەت، پرۆسەكە قۆناغی باشی بڕیوە، تائێستا پێداچوونەوە بە مەلەفی زیاتر لە 207 ھەزار فەرمانبەر كراوە".

سكرتێری لیژنەی باڵای چاكسازی ئاماژەی بەوەشكرد: "لەبارەی چاكسازی لە خانەنشینی ھەنگاو باش نراوە، بەتایبەتی لە دەركردنی پەیڕەوی سندووقی خانەنشینی و ئامادەكردنی رێنمای ئامانجی سندووقی خانەنشینی، ھەروەھا دووبارە پێداچوونەوە بە ھەیكەلبەندی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی، كە دەبێیتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بۆ سەرجەم خانەنشینانی شارستانی و سەربازی و ئەمنی".

لەبارەی پلە باڵاكان، عەبدولحەكیم خەسرۆ روونیكردەوە: "لە دوایین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە بڕیارێك دەرچوو، بۆ راگرتنی مووچەی ھەموو ئەوانەی بە پلەی باڵا خانەنشین كراون و پۆستەكەیان نەبینیوە، بەشێك لەوانە خەڵكی تێكۆشەرن و خەباتیان كردووە، وەك رێزلێنان پۆستیان پێدراوە، ئەم رێزلێنانە بەردەوام دەبێت، بەڵام بەجۆرێكی دیكە، چونكە ئێمە یاسای بەركارمان ھەیە و بەپێی ئەو یاسایە رێزیان لێدەگیرێت".