واشنتن: میلیشیاكانی ئێران عێراق بەرەو توندوتیژی دەبەن

"رووداوی تاوانی قەزای بەلەد دوای سووتاندنی بارەگایەكی حزبی لە لایەن میلیشیاكانی سەر بە ئێرانەوە ھات"

K24 – ھەولێر:

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، ئەمڕۆ دووشەممە، سەركۆنەی تاوانەكەی قەزای "بەلەد"ی عێراقی كرد، كە "میلیشیاكانی سەر بە ئێران ئەنجامیاندا" وەك لە راگەیاندراوەكه‌ی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، "مۆرگان ئۆرتاگۆس" دا ھاتووە.

لە راگەیاندراوەكەدا گوتی: "رووداوی تاوانی قەزای بەلەد دوای چەند كاتژمێرێك لە سووتاندنی بارەگایەكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا لە لایەن میلیشیاكانی سەر بە ئێرانەوە ھات".

گوتیشی: "دەبێت بەغدا ھەژموونی خۆی بەسەر میلیشیاكانی سەر بە ئێران بسەپێنێت".

جەختیشیكردەوە لەوەی "ئەو میلیشیایانەی سەر بە ئێران، عێراق بەرەو توندوتیژی تائیفی دەبەن".

وەزارەتی دەرەووەی ئەمەریكا دوێنێش "بە توندی سەركۆنەی ھێڕشەكەی سەر بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستانی لە بەغدا كرد".

ئۆرتاگۆس راگەیاندراوێكی لە سەر تویتەر بڵاوكردەوە و تێیدا ھاتووە: "چالاكییە قێزه‌ونه‌كانی میلیشیاكانی سەر بەئێران ھەڕەشە لە ئاسایشی عێراق دەكەن".

وەزارەتی دەرەوە داوای لە حزبە عێراقییەكان كرد، بە بەرپرسیارییەوە  مامەڵە بكەن لەو ماوە شڵەژاوەی عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێت لە پەتای كۆرۆنا، قەیرانی ئابووری و ھەڕەشەی بەردەوامی رێكخراوی داعش".