داوا دەكرێت ھەرێمی كوردستان فشاری زیاتر بكات بۆ سزادانی ئه‌وانه‌ی ئاڵای كوردستانیان سووتاند

كاردانەوەكانی سووتاندنی ئاڵای كوردستان لە بەغدا
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

کاردانەوەکانی سووتاندنی ئاڵای کوردستان لە بەغدا ھێشتا بەردەوامە، رێكخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و یاساناسان ھەڵوێستی دامەزراوە دەستووری و یاساییەکانی ھەرێمی کوردستان بەگرنگ دەزانن لە چوارچێوەی یاسادا داوای لێکۆڵینەوەیان لە بکەرانی ئەم کارە کرد .

کارزان ھەنارەیی، یاساناس گوتی: لەگەڵ ئەوەی سووتاندنی ئاڵای کوردستان پێچەوانەی تەواوی بنەما یاسايی و دەستووری و ئەخلاقیەکانیشە، بەڵام حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسادا وەڵامی بۆ ئەم کردارە ھەبوو.

گوتیشی: ئەو کردارە تەواو پێچەوانەی یاسا و دەستووری عێراقە و پێشێلی تەواوی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتیشه. وەڵامدانەوەی  حکومه‌تی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستانیش بۆ ئەم پێشێلکارییە تەواو یاسايی و دەستووری بوو و بەشێوەیەكی شارستانیانەش داوای لێکۆڵینەوەیان لە بکەرانی ئەم کارە کرد.

بەرەبەیانی رۆژی 17ی تشرینی یەکەم بەشێک لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی ھێرشیان کردە سەر بارەگای لقی 5ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا و جگە لە سووتانی بارەگاکە، ئاڵای کوردستانیشیان سووتاند، ئه‌وه‌ش نیگه‌رانی خه‌ڵكی كوردستانی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌ و نوێنه‌ران و باڵیۆزی وڵاتانیش دژی ئه‌و كاره‌ هه‌ڵوێستی خۆیان ده‌ربڕیوه‌.