فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ پارێزگاری پێشووی نه‌ینه‌وا ده‌ركرا
K24 – هه‌ولێر:
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی عێراق، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه رایگه‌یاند، فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ پارێزگاری پێشووی نه‌ینه‌وا ده‌ركراوه، به هۆی ئه‌وه‌ی تۆمه‌تباره به هه‌ده‌ردانی (70) ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكایی.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا، كه ده‌سته‌كه ده‌ریكردووه، هاتووه، به پشتبه‌ستن به بڕگه‌كانی بڕیاری (160)ی ساڵی (1983)ی ده‌سته‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی دادوه‌ری و به گوێره‌ی فه‌رمانی ژماره (126)ی ساڵی (2020)ی تایبه‌ت به پرسه‌كانی گه‌نده‌ڵی گه‌وره، یه‌كه‌كانی ئه‌و ده‌سته‌یه له "نه‌ینه‌وا" فه‌رمانی ده‌ستگیركردنیان بۆ پارێزگاری پێشووی ئه‌و پارێزگایه ده‌ركردووه، به‌ڵام هیچ ئاماژه‌یه‌كی به ناوی ئه‌و پارێزگاره نه‌داوه.
روونیشیكردووه‌ته‌وه، تیمێكی لێكۆڵه‌ر به‌دواداچوونیان بۆ چاره‌نووسی ئه‌و پاره‌یه كردووه، كه پێش ئه‌وه‌ی له پۆسته‌كه‌ی لابدرێت، پارێزگاری پێشووی نه‌ینه‌وا بردوویه‌تی.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، ژماره‌یه‌ك له به‌رپرس و كارمه‌ندانی دیوانی پارێزگا به تۆمه‌تی تێوه‌گلانیان له گه‌نده‌ڵی و به هه‌ده‌ردانی (76) ملیار دیناری عێراقی كه به‌رامبه‌ره به (70) ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكایی ده‌ستگیركراوون.