ئەو پێشمەرگەیەی لە داستانی پردێ گۆرانی دەگوت، یادەوەری و سەركەوتنەكانی ئەو رۆژە دەگێڕێتەوە

"وەك ھەمیشە بەڵێنمان دابوو تا دوا ھەناسە بەرگری لە كوردستان بكەین"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

پێشمەرگەیەكی گەنج، كە لە زۆربەی شەڕەكان بەشداری كردووە بە گۆرانی ھانی پێشمەرگەكانی دەدا، ئەو پێشمەرگەیە بە گۆرانیەك ناوبانگی دەركرد كە لە داستانی پردێ دەنگی دایەوە و لە كاتی ھێرش ئەم گۆرانیەی دەگوتەوە، كاتێك سەرۆك بارزانی سەردانی سەنگەرەكانی كرد لە پردێ، بەم گۆرانیەش پێشوازی لێكرا، ئەم پێشمەرگە باسی ئەو گۆرانیە دەكات و دەڵێ "سوتاندنی ئاڵای كوردستان ورەی كورد و پێشمەرگە نابەزینێ و بە جۆشتریان دەكا بۆ بەرگریكردن لە كوردستان.

فاخیر محەمەد ئەمین، یەكێكە لەو پێشمەرگانەی جیا لەوەی بەرگری لە خاك و نیشتمان كردووە، بە گوتنی گۆرانیش ھانی پێشمەرگەی دەدا لە بەرەكانی شەڕ، ھەر ئەوەش وای لێكرد بەردەوام بێ لە گۆرانییەكانی، ئەو باسی شەڕی پردێ دەكات و دەڵێ: "كاتێك حەشدی شەعبی ھێری كرد بە چەكی قورسەوە وایانزانی كە ئێمە سەنگەرەكان جێدەھێڵین، بەڵام وەك ھەمیشە ئێمە بەڵێنماندابوو كە تا دوا ھەناسە شەڕ بكەین".

لە كاتی بەرگری و شكاندنی ھێرشی حەشدی شەعبی لە پردێ، فاخیر بە گۆرانی (ھا گولا تەما سال و دەما ل بەندا تەما) ورەی پێشمەرگە و ھاوسەنگەرەكانی بەرز دەكردەوە، لەبارەی سوتاندنی ئاڵای كوردستان لەلایەن ھەندێك لایەنگری حەشد لە بەغدا دەڵێ: "ئەوام ناتوانن بە سوتاندنی ئاڵای كوردستان ئیرادەی ئێمە بشكێنن، بەڵكو ئیرادەی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان بەھێزتر دەبێت".

رۆژی 20 ئۆكتۆبەری 2017 شەڕی پردێ بووە داستانی خۆڕاگری ھێزی پێشمەرگەی كوردستان، بەرامبەر حەشدی شەعبی و ھێزەكانی عێراق، پێشمەرگەكانی بەشدار بووی ئەو شەڕە بە فیداكاری و نەبەزی خۆیان، مێژوویان لە سەنگەرەكانی پردێ تۆمار كرد.