وەزیری كارەبا دڵنیایی دەداتە ھاووڵاتییان

"پارەی كارەبا لەسەر ھاووڵاتییان زیاد ناكرێت"

K24 - ھەولێر

وەزیری كارەبا لەبارەی پێدانی كارەبا بە كەرتی تایبەت روونكردنەوە دەدات و رایدەگەیەنێت، بە ھیچ شێوەیەك پارەی كارەبا لەسەر ھاووڵاتییان زیاد ناكرێت.

بۆ خستنەڕووی زانیاری لەبارەی پێدانی كارەبا بە كەرتی تایبەت، ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان میوانداری كەمال محەمەد، وەزیری كارەبای ھەرێمی كوردستانی كرد، دوای دانیشتن و گفتوگۆ لەمبارەوە لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا وەزیری كارەبا گوتی: "تائێستا كارەبا نەدراوەتە ھیچ كۆمپانیایەك و ناوی ھیچ كۆمپانیایەكیش دیار نەكراوە كە پێی بدرێت، بەڵكو ھێشتا ئەو بابەتە لە قۆناغی ئامادەكردنی تەندەرە، ھەروەھا نرخی كارەبا بۆ ھاووڵاتییان ھەمان نرخی ئێستا دەبێت و زیاد ناكرێت".

لەبارەی گلەیی ھەندێك ھاووڵاتییان لەسەر ھاتنەوەی پارەی زۆری كارەبا كەمال محەمەد، رایگەیاند: "سیستمێكی نوێمان داناوە بەناوی (سمارت میتەر) سیستمە باشترینە بۆ ئەوەی كەس گلەیی نەبێت".