مێرکڵ رێوەڕەسمی پاسەوانی شەرەف بۆ کازمی ساز ناكات

سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ راوێژكاری ئەڵمانیا كۆبووەوە

K24 - بەرلین

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیای کردو لە لایەن ئەنگێلا مێرکڵ راوێژکاری ئەڵمانیا پێشوازی لێکرا، بەڵام  رێوەڕەسمی پاسەوانی شەرەف بۆ کازمی ساز نەكرا.

ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا لە پەیجەکەیدا لە ئینستگرام، وێنەی پێشوازییەکەی بڵاوکردووەتەوەو ئاماژەی بەوە کردووە، کە بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا نەیانتوانیوە رێوڕەسمی پێشوازی پاسەوانی شەرەف بۆ مستەفا کازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق ساز بکەن.

مێرکڵ، لە کۆبوونەوەکەدا پشتیوانی خۆی بۆ عێراق دووپاتکردوەتەوەو رایگەیاندوە، بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنی عێراق لە شەڕی دژی داعش و گەشەپێدانی ئابووری و ئاوەدانکردوەی عێراق.

رۆژی دووشەممە 19/10/2020 مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە فەرەنسا و لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆكی فەرەنسا و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە كۆبووەوە و دواتر چووە ئەڵمانیا، بڕیاریشە دوای ئەڵمانیا كازمی سەردانی بەریتانیا بكات.