پەرلەمانتارێك: ساڵی داھاتوو "ھەرێمی سوننە" درووستدەكرێت

پلانێكی سەرەتایی ھەیە بۆ ئەوەی پارێزگاكە ببێتە پایتەختی ھەرێمی سوننە

K24 – ھەولێر:

بەرپرسان و چاودێران ئاماژە بە نیشانەكانی نوێی درووستكردنی ھەرێمی سوننە لە عێراق دەكەن، دوای ئەوەی پارێزگای ئەنبار شۆڕشێكی گەورەی ئاوەدانكردنەوە بەخۆیەوە دەبێنێ و دوای ئەو توڕەییەی سوننە لە ئەنجامی كوشتارگەی فەرحاتییە، كە لە باشووری پارێزگای سەلاحەدین لە لایەن ھێزێكەوە ئەنجامدرا و 8 ھاووڵاتی سیڤیل بوونە قوربانی.

پەرلەمانتارێكی سوننی بە ئاژانسی شەفەق نیوزی راگەیاند، ئەوەی ئێستا ئەنبار بەخۆیەوە دەبینێ لە شۆڕشێكی گەورەی ئاوەدانكردنەوە، كە پێشتر نموونەی لە عێراق نەبووە، بەرھەمی پلانێكی سەرەتایییە بۆ ئەوەی پارێزگاكە ببێتە پایتەختی ھەرێمی سوننە، بڕیاریشە ساڵی داھاتوو پێكبھێنرێت بە ھۆی ئەو گێرەشێوێنیە ئەمنییەی لە زۆربەی پارێزگاكانی سوننەدا ھەیە و بەھۆی توڕەبوونیان لە ھەبوونی ھێزەكانی دەرەوەی سیستەمی پۆلیس و سوپای عێراقی.

پەرلەمانتارەكە، مەرجی ئەوە بوو ناوی ئاشكرا نەكرێت، جەختیكردەوە "ھەرێمی سوننە پلانێكە پشتیوانی ئەمەریكا و وڵاتانی كەنداو و ھەرێمی لە پشتە لەوانەش سعودیە، بەحرەین و ئیمارات" ئاماژەشیكرد، "ئەوان بەنھێنی ھاوكاری و پشتیوانییەكی گەورە دەكەن بۆ ئەوەی ئەنبار ببێتە شارێكی ھاوشێوەی شارەكانی كەنداو".

روونیشیكردەوە، "ھەرێمی سوننە پارێزگای ئەنبار و زۆربەی ناوچەكانی سەڵاحەدین دەگرێتە خۆی، تەنھا قەزاكانی دجێل و بەلەد نەبێت، كە بەھۆی ھەژموونی شیعەوە قۆرسە بخرێتە سەر ھەرێمەكە.

لە لایەن خۆیەوە، پارێزگاری سەلاحەدین، عەمار خەلیل جبووری لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لەسەر لێكەوتەكانی كوشتارگەی "فەرحاتییە" گوتی: "ئەو رووداوانەی ئەم دواییە وایكرد 70% خەڵكی سەڵاحەدین لەگەڵ ھەڵبژاردەی ھەرێمی سوننە بن بۆ ئەوەی رزگاریان بێت لە چەكی ناڕەوا".

كۆمەڵە چەكدارێك، عێراق پێدەڵێت نەناسراو و ئەمەریكاش پێدەڵێت حەشدی شەعبی، بە جلی سەربازییەوە، رۆژی شەممەی رابردوو، 12 كەسیان لە ناحییەی فەرحاتییە رفاند و دوای یەك كاتژمێر تەرمی 8 لەو رفێندراوانە دۆزرایەوە و چواریشیان تاكو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.

جبووری جەختیكردەوە لەوەی "سەرۆك وەزیران رازییە لەسەر دابەشكردنی یەكە سەربازییەكان و گۆڕانكاری ئەمنی لە پارێزگاكە روودەدات". ئاماژەشیكرد، "دەستوەردانی سیاسی و ھەبوونی یەكەی سەربازیی لە ھەندێك ناوچەدا سەپاند و لە ھەندێكی دیكە نەكراوە ئەمە جگە لە ململانێی سیاسی لە سەلاحەدین، كە یەكێكە لە ھۆكارەكانی چەند بارەبوونەوەی پێشلكاری ئەمنی".

جبووری رووداوی فەرحاتییەی بە ھەڵچوونێكی مەترسیدار دانا، كە لەوانەی دۆخەكە بەرە شەڕی تایفی ببات، ھەروەھا بوویە مایەی حكومەت و خەڵكی سەڵاحەدین بڕوایان بە پەرلەمان و حكومەت و پرۆسەی سیاسی نەمێنێت، ئەگەر ئەنجامی لێكۆڵینەوە لەو تاوانە بەخێرا و بەشەفافانە ئاشكرا نەكرێت.

سەرچاوە سیاسی و پەرلەمانییەكانی عێراق لە زۆر بۆنەدا ئاشكرایانكردووە، ھەوڵی ناوخۆیی و ھەرێمی ھەیە بۆ پێكھێنانی ھەرێمی سوننە لە عێراق، ھەبوونی سەربازیی ئەمەریكا لەو ناوچەیە و ھەوڵدانی بۆ دوورخستنەوەی حەشدی شەعبی لە پارێزگا سوننیەكان و رێگرتن لەو ھێرشە مووشەكییانەی بنكە ئەمەریكاییەكان دەكەنە ئامانج، ئەم پلانە بەھێزتر دەكات.