بە نزیکەی 150 ملیۆن دینار، شەقامەکانی رواندز قیرتاودەکرێن

قیرتاوکردن 11.5 کیلۆمەتری شەقامەکان دەگرێتەوە
kurdistan24.net


K24 - رواندز

وه‌رزی سه‌رماوسۆڵه‌ و بارانبارین لە رواندز زۆری نه‌ماوه‌، بۆیە سەرەڕای سەختیی ناوچەکە و بەرز و نزمیی رێگاکانی، بە خێرایی و دەستوبرد شەقامەکانی قەزاکە قیرتاودەکرێن.

به‌ درێژایی 11.5 كیلۆمه‌تر كۆڵانه‌ ته‌واو قیرتاونەکراوەکانی رواندز، قیرتاو ده‌كرێن و پارێزگای هه‌ولێر بودجه‌ی پڕۆژه‌كه‌ی ته‌رخانكردووه‌.

ئه‌حمه‌د قادر، قایمقامی رواندز دەڵێ "پڕۆژەی چاککردنی کۆڵان و شەقامەکانی سەنتەری قەزای رواندز بە نزیکەی 150 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر دەچێتە بواری جێبەجێکردن، بەمەش (کێشەی) بەشێکی کۆڵانەکان چارەسەر دەکرێت، بەڵام ژمارەیەکی زیاتر کۆڵان و شەقاممان ماون، لە بەرنامەی حکومەت دایە، بەپێی توانا داراییەکانی، هەموو گرفتەکانی خزمەتگوزاریی شەقام و کۆڵانەکان چارەسەر بکەین".

چاككردنی رێگەوبان و شه‌قام و كۆڵانه‌كانی رواندز، داواكاریی چه‌ندین ساڵه‌ی دانیشتووانه‌كه‌یه‌تی. به‌قیرتاوكردنیان كارئاسانی بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان دێتە کایەوە، هەروەها له ‌تۆزی هاوین و قوڕ و لیته‌ی وه‌رزی زستان رزگاریان دەبێت.

نه‌جات مه‌جید، سه‌رۆكی شاره‌وانی رواندز لەمبارەیەوە دەڵێ "بەپێی توانا داراییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێمە ئیشمان لە هەموو گەڕەکەکانی قەزای رواندز کردووە، هەر لەم رۆژانەی دواییشدا، کۆمەڵێک دەرخستەی دیکەمان بۆ پارێزگای هەولێر ناردووە، بەو هیوایەین لە ماوەی داهاتوودا ئەو گرفتانەی لە قەزای رواندز ماون، چارەسەریان بکەین".

رێگەوبان، یەکێکە له ‌گرنگترین خزمه‌تگوزارییەکانی هاووڵاتیان، له‌پاڵ ئاسانكاری بواری هاتووچۆ و گه‌یاندنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی دیكه‌، كاریگه‌ریی راسته‌وخۆشی له‌سه‌ر ئابووریی دانیشتووانه‌كه‌ی هه‌یه‌، بۆیه‌ وێڕای قه‌یرانی دارایی، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆر پڕۆژەی خزمەتگوزاری له‌ بواری رێگەوبان جێبه‌جێ ده‌كات.

 

هـ.ر.