بەڤیدیۆ.. گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە کەرکووک دۆزرایەوە، نازانرێت قوربانییەکان کێن

K24 - هەولێر

پۆلیسی فیدراڵی گۆڕێکی بەکۆمەڵی لە گوندێکی کەرکووک دۆزییەوە کە رووفاتی 50 بۆ 60 کەسی تێدایە. زانیارییەکان سەبارەت بە ناسنامەی قوربانییەکان ئاڵۆزن، دەگوترێت بەشێکیان رووفاتی پێشمەرگە دیلەکانن، فەرماندەیەکی پێشمەرگەش گومانی هەیە لەوەی رووفاتەکان تەنانەت قوربانیی دەستی داعش بووبن.

پۆلیسی فیدراڵی دوێنێ (سێشەممە، 20-10-2020) دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکەی لە گوندی داود عەلوەی سنووری شارۆچکەی ریاز لە کەرکووک راگەیاند، ڤیدیۆیەکیشی بڵاوکردووەتەوە کە شوێنی گۆڕە بەکۆمەڵەکە دەردەخات.

پۆلیسی فیدراڵیی عێراق دەڵێ "لەڕاستیدا ئەمە گۆڕی بەکۆمەڵ نییە، بەڵکو شوێنی کوشتنی گەنجانە لە سنووری ناوچەی ریاز لە کەرکووک".

لە بەشێکی دیکەی ڤیدیۆکەدا پۆلیسی فیدراڵی دەڵێ، ئەم ناوچەیە لەلایەن خەڵکەکەیەوە چۆڵ کرابوو و دوای گەڕانەوەی خێزانەکان بۆ ئێرە و بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرچاوەکانمان، ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە دۆزرایەوە، کە زیاتر لە 50 رووفاتی تێدایە و، لەلایەن رێکخراوی تیرۆرستیی داعشەوە کوژراون. 

بەهۆی ئەوەی ئێسکوپروسک و کەللـەسەری رووفاتەکان زۆر کۆن دیارن، لیوا محەمەد رێگر، فەرماندەی پێشمەرگە لە میحوەری رۆژئاوای کەرکووک لە لێدوانێکدا بە کوردستان24ـی راگەیاند "سەرەتا وا گومانم دەکرد ئەو رووفاتانە هی پێشمەرگە دیلەکان بن، بەڵام دوای بینینیان لە ڤیدیۆکە، پێدەچێت کاتێکی زۆر بەسەر کوشتنیان تێپەڕبووبێت، بۆیە گومان دەکەم رووفاتەکان هی سەردەمی داعش نەبن، بەڵکوو هی شاڵاوی ئەنفالی ساڵی 1988 بن".

بەپێی داتاکانی وەزارەتی پێشمەرگە، تاوەکو ساڵی 2018 بەلایەنی کەمەوە 44 پێشمەرگە بێسەروشوێن بوون و هەتاوەکو ئێستاش خانەوادەکانیان پرسەیان بۆ دانەناون. لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی داعشەوە لە 2014 تاوەکو کۆتاییهاتنی داعش بەفەرمی، نزیکەی 2000 پێشمەرگە لە شەڕی داعش شەهید بوون.

ئێستا زانیاریی تەواو لەبارەی رووفاتەکانی نێو ئەو گۆڕە بەکۆمەڵەی کەرکووک نییە، بەڵام پۆلیسی فیدراڵی دەڵێ رووفاتەکان هەڵدەگیرێنەوە و پشکنینی DNAـیان بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت قوربانییەکان کێن.

بەگشتی 202 گۆڕی بەکۆمەڵ لەلایەن یونامی و نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەدین و ئەنبار تۆمارکراون، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان ترسی هەیە گۆڕی زیاتریش هەبن.

سەید خەلیل، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدان و ئەنفالکراوان لە کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند "ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە لە زەوییەکی کوشتووکاڵی لە سنووری شارۆچکەی ریاز دۆزراوەتەوە، بۆیە گومانمان هەیە لە بوونی رووفاتی پێشمەرگە دیلەکان... لە دوێنێوە هەماهەنگیی تەواومان کردووە، بەڵام تائێستا هێزە عێراقییەکان رێگەیان بە تیمەکان نەداوە لەبەر پاراستنی ئێمە، چونکە ناوچەکە ئەمین نییە... من، بەڵێن بە کەسوکاری پێشمەرگە دیلەکان دەدەم، کە بەردەوام هەوڵدەدەم، ئێمە ئامادەبوونی تەواومان هەبێت لەکاتی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان".

هـ.ر.