لێكۆڵینەوە لە‌ دۆخی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان دەكرێت

داهاتی به‌شێكی خاڵه‌ سنوورییه‌كان ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گه‌نجینه‌ی حكومه‌ت
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

به‌ گوێره‌ی راپۆرتێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان قاچاغچێتی و هێنانی خۆراکی ماوە بەسه‌رچوو لە خاڵە سنوورییەکان بەردەوامە، بە تایبەت لە خاڵی سنووری پەروێزخان، بۆ چارەسەری ئەم گەندەڵیە راپۆرتێکی مەیدانی دراوەتە حکومەت و جگە لە قاچاغچێتی، بەشێکی داهاتی ئەم خاڵە سنووریانە ناگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

دوایین باری قاچاغ كە دەنگدانەوەی لێكەوتووەتەوە، لە خاڵە سنوورییەکان هێنانی سەروپێ بووە بەشێوەی نایاسايی، کە توانراوە دەستی بەسەردا بگیرێت و کەس خۆی ناکات بە خاوەنی. لە کاتێکدا بەشی ناوخۆی سەروپێ زۆر لە  پێداویستی هەرێمی کوردستان زیاترە. قاچاغچیێتی  لە دەروازەی پەروێزخان تا دێت زیاتر دەبێت، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستانيش نايشارێتەوه جگە لە كارى قاچاغ داهاتی خاڵە سنورییەکانیش ناگەرێتەوە بۆ حکومەت.

ھێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان بە كوردستان24ی گوت: "لە دەروازە سنوورییەكان قاچاغچێتی ھەیە و بەشێك لە پارە بۆ حكومەت ناگەڕێندرێتەوە و بەناوی ترانزێت شت لە بازاڕەكان ساغ دەكرێتەوە و گەندەڵی زۆر ھەیە. بەڕێوەبەری گشتی گومرگەكانی ھەرێمی كوردستان خۆی گوتی: لە باشماخ و پەروێزخان دزی ھەیە و بار داخڵ دەكرێت و كەسیش بۆی نییە تەماشا بكات".

لیژنەی دارایی پەرلەمان بەشێوەی مەیدانی چووەتە سەرجەم دەروازەکان و راپۆرتێکی ئامادە کردووە بەپێی راپۆرتەکە قاچاغچیەتی و گەندەڵی و هێنانی خۆراکی ماوە بەسەرچوو بەردەوامە، ئەوان پێشنیازی چارەسەرى گەندەڵی و کەموکورتییەکانیان دیاری کردووە و داواشیان کردووە پێداچوونەوە بە گرێبەستی خاڵە سنورییەکان بکرێت، چاوەڕێیش دەکەن حکومەت و پەرلەمان بڕیار لە بارەی ئەو راپۆرتە بدەن.

لەوبارەوە بەڵێن ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان دەڵێ: "بەڵێ گەندەڵی زۆر لە خاڵە سنوورییەكان ھەیە، ھەموو رێوشوێنەكانمان دیاریكردووە، بۆ چارەسەری كێشە یاساییەكان، بەتایبەتی گرێبەستی كۆمپانیاكان، كە ناعەدالەتی زۆری تێدایە، ھەندێك لە كۆمپانیاكان ھەر پێویست نییە لەوێ ھەبن و حكەمەت خۆی دەتوانێت كارەكە بكات. راپۆرتێكمان لەسەر ئەم كەموكوڕیانە ئامادە كردووە و رادەستی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانمان كردووە، بۆ ئەوەی یان دانیشتنی پەرلەمان لەوبارەوە رێكبخرێت، یان راستەوخۆ راسپاردەكان بۆ حكومەت بنێردرێن".