شەش هەزار پێشمەرگە ئامادەن بگەڕێنەوە شنگال

فەرماندەی هێزی شنگالی پێشمەرگە: لەو هێزەدا هەموومان شنگالین

 

K24 - شنگال

زیاتر لە شەش ھەزار پێشمەرگەی شنگال ئێستا ئامادەن بچنە شارەكە و بەرگری بكەن. ھێزی شنگال سەرجەمیان راھێنانی سەربازییان بینیوە و فەرماندەکەیان دەڵێ پێویستە پێشمەرگەی شنگال شارەكەیان بپارێزن، لەپێناو گەڕانەوەی ئارامی و ئاوەدانی و ئاسایش.

هێزی شنگالی پێشمەرگە، کە لە 2500 پێشمەرگە پێکدێت، پلانی پاراستنی چیای شنگالیان داناوە، هەرکاتێک گەڕانەوە. ئەوان ئاڵای کوردستانیان بەرزکردووەتەوە، کە نیشانەی ئامادەییانە.

فەرماندەی هێزەکانی شنگال دەڵێ هەرکاتێک سەرکردایەتییان بڕیاری دا، بەڕێدەکەون بۆ شنگال، لەپێناو پاراستنی گەل و نیشتمانی خۆیان.

شێخ مەجدەل، فەرماندەی هێزی شنگالی پێشمەرگە باس لەوە دەکات "لەو هێزەدا ئەندامانمان لە چەند هۆزێکن، ئامر بەتالیۆن و هەمووان شنگالین، ئامادەین لە هەر خولەک و کاتژمێرێکدا بچینە شنگال بۆ ئەوەی پارێزگاری لە خەڵکی خۆمان بکەین... لەماوەی تەنیا دوو کاتژمێر لەسەر چیای شنگال بین. خەڵکی شنگال هەموویان هیوایان بە ئێمەیە، هەمووان هیوایان بە پێشمەرگەیە، هەتاوەکو، پێشمەرگە نەگەڕێتەوە شنگال، ئەمنییەت لێی بەرقەرار نابێت".

ئەو هێزە، خاوەن 54 شەهیدن، کە هەموویان خەڵکی شنگالن و بە گیانی خۆیان، خۆیان کردووەتە قوربانیی خاکی شنگال. پێشمەرگەکانی هێزەکە هەموویان راهێنانی سەربازییان کردووە.

رێککەوتنەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشی شنگال ئەو پێشمەرگانەی دڵخۆشکردووە و دەڵێن، پێویستە پێشمەرگە شنگال بپارێزن تاوەکو جارێکی دیکە تووشی ستەم و ناخۆشی نەبن و هێمنی بگەڕێتەوە دەڤەرەکە.

 

حەوت بۆ هەشت هەزار کەس لە دانیشتووانی شنگال خۆیان ناونووس کردووە

مەحما خەلیل، قایمقایمی شنگال، بە كوردستان 24ـی رایگەیاند، بەپێی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، "بڕیاردراوە بە ناونووسكردنی دوو ھەزار و 500 كەس لە دانیشتووانی شنگال بۆ دامەزراندنیان لە پۆلیسی فیدراڵی، كە دەبێت ھەزار و 500 یان لە ئاوارەكانی ناو كەمپەكان بن". ئاماژەی بەوەشكرد؛ بۆ ئەو مەبەستە لەنێوان حەوت بۆ هەشت ھەزار داواکاریی دامەزراندنیان پێگەیشتووە.

هـ.ر.