ناسا بەنیازە وێستگەی ئەتۆمی لە سەر مانگ درووست بكات

بەنیازین بگەڕێینەوە سەر مانگ و بۆ ماوەیەكی زۆر لەوێ بمێنینەوە

K24 – ھەولێر:

ئاژانسی بۆشایگه‌ریی ئاسمانی ئه‌مه‌ریكا ناسراو به‌ "ناسا" بەنیازە وێستگەی ئەتۆمی لە سەر مانگ درووست بكات.

دوای ئەوەی لە 21 تشرینی یەكەم، یاداشتێكی لێكتێگەیشتن لە نێوان ناسا و وەزارەتی وزەی ئەمەریكا واژووكرا سەبارەت بە "پێویستی درووستكردنی چەند وێستگەیەكی ئەتۆمی لە سەر مانگ"، و لە میانی ڤیدیۆ كۆنفرانسێكدا لەگەڵ ئەو وەزارەتەی ئەمەریكا،  سەرۆكی ئاژانسی ناسا، جیمس برایدنستاین گوتی: "بەنیازین بگەڕێینەوە سەر مانگ و بۆ ماوەیەكی زۆر لەوێ بمێنینەوە. ئەم كارەش پێویستی بە وزەی ئەتۆمی ھەیە لەسەر مانگ و پێویستی بە سیستەمێك ھەیە كار بۆ بەرھەمھێنانی بكات. خۆشحاڵیشین بەوەی وەزارەتی وزە ھاریكاریمان دەكات لە درووستكردنی ئەو سیستەمە بەڕێگای بەكارھێنانی وزەی ئەتۆمی".

گوتیشی: ئێمە پێویستیمان بە بزوێنەرێكی مووشەكی ئەتۆمییە یاخود ئەتۆمی كارەبایی ھەیە، بۆ ئەوەی كاتی پێویستمان بۆ بگەڕێنێتەوە بۆ گەیشتن بە مەریخ"، روونیشیكردەوە "ئومێدمان بە توانای وەزارەتی وزە ھەیە لە درووستكردنی بزوێنەرێكی لەم جۆرە".

ناسا پێشتر تەندەری كەمكردنەوەی درووستكردنی وێستگەی ئەتۆمی بە توانایی 10 كیلۆوات لە سەر مانگی خستبووەڕوو. لە سەرەتای ساڵی داھاتووشدا ناوی كۆپانیای براوە رادەگەیەندرێت.