سێ رۆژە جۆ بایدن دەرنەکەوتووه‌

ترەمپ بەپێچەوانەوە هەر رۆژە و لە ویلایەتێک دەردەکەوێت

 K24 - هەولێر

سێ رۆژە جۆ بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا دەرنەکەوتووە، ھەرجارێکیش کە بایدنی تەمەن 77 ساڵ دیارنابێت، بەتایبەتی ئێستا کە کەمتر لە دوو ھەفتەی ماوە بۆ ھەڵبژاردنەکان، خەڵک بیریان بۆ لای قسەکانی ترەمپی رکابەری سەرسەختی دەچێت، کە دەڵێ "بایدن کێشەی تەندروستی و ھەیە و لەرووی ژیرییەوە تەواو نییە".

دەرنەکەوتنی بایدن لەکاتێکدایە ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، بەردەوام و ھەرجارەی لە ویلایەتێک هەڵمەت لەدوای لە دوای هەڵمەتی هەڵبژاردن بەڕێوەدەبات.

بەشێکی زۆری شارەزایان پێیان وایە: بایدن خۆی بۆ دوایین دیبەتی لەگەڵ ترەمپ ئامادە دەکات، کە بریارە 23ـی ئەم مانگە، کاتژمێر 04:00ـی بەیانی، بەکاتی ھەولێر بەڕێوەبچێت.

باراک ئۆباما بەھانای بایدنەوە دێت. بۆ یەکەمجار سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، لە فیلادێلفیا قسەی بۆ لایەنگرانی بایدن کرد. لەو شوێنەی کە چەند کاتژمێرێک لە شوێنی مانەوەی بایدنەوە دوورە.

ئۆباما و بایدن لە 2009ـوە تاوەکو 2017، واتا هەشت ساڵ بەیەکەوە سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بوون. ئێستاش هەوڵەکانیان لە ویلایەتە خۆڵەمێشیەکان چڕکردوونەتەوە، ویلایەتە خۆڵەمێشییەکان ئەو ویلایەتانەی ئەمەریکان، کە دیار نییە کام کاندید دەنگی زیاتری لێ دەهێنێت.

پێنسلڤانیا یەکێکە لەو ویلایەتانەی لە 2016 ترەمپ لەژێر دەستی دیموکراتەکان دەریھێنا، ئێستا دیموکراتەکان دەیانەوێت جارێکی دیکە لەو ویلایەتە، بیبەنەوە.

ویلایەتێکی دیکەی گرنگ کارۆلاینای باکوورە، ترەمپ کەمپەینی خۆی تێدا ئەنجامدا، دوابەدوای ترەمپ کاملا ھاریسی، جێگری بایدن کەمپەینەکەی ھێنایە کارۆلاینای باکوور.

باس لەوە دەکرێت بایدن دڵی بۆ ئەنجامی ئەو راپرسیانە خۆشە، کە دەکرێن و ئیدی زۆر خۆی بە کەمپەینەکانەوە ھیلاک ناکات، بەڵام ترەمپ شەو و رۆژی خستووەتەوە سەریەک و دەیەوێت بەکردار وەک 2016 ئەنجامی راپرسییەکان ئاوەرژوو بکاتەوە.

بابەتێکی دیکەی گرنگ دەنگدانی پێشوەختەیە و بەگوێرەی داتاکانی ھەڵبژاردنی سەربەخۆ لە زانکۆی کالیفۆرنیا، تائێستا زیاتر لە 40 ملیۆن ئەمەریکی دەنگیان داوە. دیموکراتەکان ھانی خەڵک دەدەن زۆرتر دەنگ بدەن و رۆژی سێی مانگی داھاتوو نەبنە هۆی قەرەباڵغی و بڵابوونەوەی کۆرۆنا.

بەپێچەوانەوە ترەمپ و کەمپەینەکەی پێیانوایە دەنگدانی پۆستە و پێشوەختە، دەرفەتی گزی و فێڵ زیاتر دەکات. ترەمپ داوا لە دەنگدەرەکانی دەکات رۆژی سێی تشرینی دووەم بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.

 

هـ.ر.