بەهای دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە

نرخی دۆلار لە عێراق پەیوەستە بەو بڕەی رۆژانە بانکی ناوەندی دەیخاتە بازاڕەوە

K24 - هەولێر

جارێکی دیکە بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی ئاڕاستەی بەرزبوونەوەی وەرگرت، بەجۆرێک ئەمڕۆ 100 دۆلاری ئەمەریکی لە بازاڕەکانی سلێمانی، بە 126 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

نرخی دۆلار لە عێراق پەیوەستە بەو بڕەی رۆژانە بانکی ناوەندی دەیخاتە بازاڕەوە نەوەک بۆرسەکانی جیهان. لەکاتێکدا بانکی ناوەندی دوێنێ 182 ملیۆن و 400 هەزار دۆلاری خستووەتە بازاڕ، ئەمڕۆ 174 ملیۆن و 386 هەزاری خستووەتە بازاڕ، بۆیە نرخی دۆلار لە عێراق بەرزبووەتەوە، ئەو بەرزبوونەوەیەش، سەرجەم دراوەکانی دیکە و نرخی زێڕی بەرامبەر دیناری عێراقی بەرزکردووەتەوە.

لەگەڵ هەڵکشانی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرانسەری وڵاتانی جیهان، خواستی وەبەرهێنەران بۆ ئەو زێڕ زیادیکردووە، بەتایبەت دوای پێشبینییەکان بە دابینکردنی پاکێجی پاڵپشتی، کە گوژمەکەی لەنێوان 1.8 بۆ 2.2 ترلیۆن دۆلارە و، کۆماری و دیموکراتەکانی ئەمەریکا کۆکن لەسەر دابینکردنی.

دیموکراتەکان هەوڵدەدەن بەر لە هەڵبژاردنەکان، پاکێجی پاڵپشتی بۆ هاوکاری کۆمپانیا فڕۆکەوانی و کۆمپانیا بچووکە زیانلێکەوتووەکان تەرخان بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنێکی کۆنکرێتی.

دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا رەخنەی لە دیموکراتەکان گرت بەوەی؛ ئاڵۆزی دروستدەکەن و نایانەوێت بگەنە ئەنجامێکی گونجاو، ئەوەش وایکردووە جارێکی دیکە گومان دروستبێت لە دابینکردنی ئەو پاکێجە، بۆیە ئەمڕۆ نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە مامەڵە خێراکاندا بە رێژەی 0.31% بۆ 1918.31 دۆلار و لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بۆ کۆتایی ئەمساڵ بە رێژەی 0.43% بۆ 1921.20 دۆلار دابەزی.

لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 335 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

 

هـ.ر.