د. سامان بەرزنجی و تەندروستیی جیهانی لەبارەی کۆرۆنا لە کوردستان لەکۆبوونەوەدان

لەماوەی 24 کاتژمێری رابردووشدا ژمارەی تووشبووان کۆرۆنا بە رێژەیەکی بەرز زیادی کردووە

K24 - هەولێر

ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان رۆژ لەدوای رۆژ لەبەرزبوونەوەیە و "لەماوەی 24 کاتژمێری رابردووشدا ژمارەی تووشبووان کۆرۆنا بە رێژەیەکی بەرز زیادی کردووە پێشبینییەکان ترسناکن"، سەبارەت بەو رەوشەش، وەزیری تەندروستی و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە کۆبوونەوەدان.

د. ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، ئێستا (پێنجشەممە، 22-10-2020) "بە ئامادەبوون و سەرپەرشتی وەزیری تەندروستی، ئەنجوومەنی راوێژکاریی پزیشکانی پسپۆر و راوێژکار و خاوەن ئەزموون، لەگەڵ رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) لە کۆبوونەوەدان تایبەت بە ڕەوشی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا "لە هەرێمی کوردستان، ژمارەی تووشبووان گواستنەوەی نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە رێژەیەکی بەرز زیادی کردووە، پێشبینییەکان ترسناکن و پێویستییان بە بەشداربوونی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەیە بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان بۆ خۆپاراستنیان لەم ڤایرۆسە".

ماوەیەکە وەزارەتی تەندروستی بەچڕی داوا لە هاووڵاتییان دەکات خۆیان بپارێزن لە کۆرۆنا، بەڵام بەهۆی پابەندنەبوونی هاووڵاتییان بە بەستنی ماسک و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی، رۆژ دوای رۆژ تووشبوون بە کۆرۆنا زیاتر دەبێت.

لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا هەر رۆژێک زیاتر لە هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون، بەمەش ژمارەی تووشبووان تائێستا گەیشتووەتە نزیکەی 65 هەزار کەس و دوو هەزار و 226 کەسیش بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.

 

هـ.ر.