پارێزگاری کەربەلا داوا دەکات دۆلارێک لە داهاتی هەر زیارەتکارێک بۆ پارێزگاکەی تەرخانبکرێت
ساڵانە ملیۆنان زیارەتکار سەردانی کەربەلا دەکەن
K24 - هەولێر
پارێزگاری کەربەلا داوا دەکات لە داهاتی زیارەتکاران بۆ کەربەلا، بڕی یەک دۆلار بۆ هەر زیارەتکارێک، بۆ پارێزگاکە تەرخانبکرێت.
نوسەیف جاسم ئەلخیتابی، پارێزگاری کەربەلا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا داوای کردووە؛ پلانی داهاتی زیارەتکارانی پارێزگاکە کارا بکرێت، بە جۆرێک، یەک دۆلار لە داهاتی زیارەتکاران، وەکو داهات لە بودجەی پارێزگاکە تەرخانبکرێت.
خیتابی لە لێدوانەکەیدا هەروەها باسی لەوە کردووە؛ پێویستە پشکی پارێزگای کەربەلا لە بودجەدا زیاد بکرێت، کە هاوتا بێت لەگەڵ ژمارەی ئەو زیارەتکارانەی ساڵانە پێشوازییان لێ دەکەن.
پارێزگاری کەربەلا دەشڵێت، پێویستیان بە بودجەی کارپێکردنە، کە لە 50 ملیار دینار کەمتر نەبێت و، بتوانن پڕۆژەکانی ژێرخانی ئابووری پێ تەواوبکەن.
لە کەربەلا مەزاری هەردوو ئیمام حوسەین و عەباسی لێیە، ساڵانە بە ملیۆنان شیعەمەزهەب لە عێراق، ئێران، پاکستان و ئەفغانستان و هەندێک وڵاتی کەنداو لە بۆنەکاندا سەردانیان دەکەن.
لە هەمان کاتدا پارێزگای کەربەلا داوا دەکات، ئەو بڕە پارەی لە ساڵی 2019 بۆ پارێزگاکەیان تەرخانکرابوو، خەرجبکرێت کە بڕەکەی 80 ملیار دینار دەبێت.
هـ.ر.