لیژنەیەکی زانستی لە سلێمانی راپۆرت لەبارەی شیاویی پەرداخ و بتڵی پلاستیکیی ئاو ئامادەدەکات

قایمقامی سلێمانی: هەر مارکێت یان مینی مارکێتێک ئاو لەبەر تیشکی خۆر دابنێن، دایدەخەین

K24 - هەولێر

سەبارەت بە سەلامەتیی بوتڵ و پەرداخی پلاستیکیی ئاو لەڕووی تەندروستییەوە، لە سلێمانی لیژنەیەکی زانستی لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەو ماددانە دەکەن کە بوتڵەکانیان لێ بەرهەمدێت، لەپێناو دڵنیابوون لە کوالێتی و گونجاویی بەکارهێنانیان.

ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 22-10-2020) لەبارەی گرتنەبەری رێکاری تەندروستی بۆ بەکارهێنانی ئەو ماددە پلاستیکییانەی دەبە و پەرداخی ئاویان لێ دروست دەکرێت، لەگەڵ نوێنەری کارگەکان و فەرمانگەکانی تەندروستی، وەبەرهێنان، کوالێتی کۆنترۆڵ، ژینگە و چاودێری بازرگانی کۆبووەوە.

قایمقامی سلێمانی دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "لیژنەیەکی زانستیمان پێکهێنا کە لە ماوەی دوو هەفتەدا، راپۆرتێکی زانستیمان بۆ ئامادەدەکات لەبارەی شیاویی ئەو ماددانەی پەرداخ و بتڵی ئاویان لێ دروست دەکرێت و، لەسەر ئەو بنەمایە بڕیار دەدەین".

لیژنە زانستییەکە پێکدێت لە نوێنەرانی: تەندروستی، کوالێتیی کۆنترۆڵ، ژینگە، ئەو کۆمپانیایانەی لە بواری کوالێتی کۆنترۆڵدا کاردەکەن و نوێنەری ئەو کارگانەی لەبواری بەرهەمهێنانی ئاو کاردەکەن لە شاری سلێمانی.

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا قایمقامی سلێمانی باسی لەوە کرد "دەبێت شێوازی گواستنەوەی ئاو وابێت؛ ئەو ئۆتۆمبێلەی ئاوەکەی پێدەگوازرێتەوە ساردکەرەوەی تێدابێت، پلەی گەرمییەکەی لە 25 پلەی سەدی زیاتر نەبێت، هەروەها ئەو کۆگایانەی ئاوەکەی تێدا هەڵدەگیرێت، دەبێت مۆڵەتیان هەبێت بەپێی ستاندارد، پلەی گەرمی لەو کۆگایانەدا نەگاتە سەروو 25 پلەی سەدی. جگە لەوە نابێت تیشکی خۆر بەهیچ جۆرێک لەو ئاوانە بدات چ لە کاتی گواستنەوەیان چ لە کاتی هەڵگرتنیان لە کۆگاکان و چ لە کاتی دانانی لە مارکێت و مینی مارکێتەکاندا".

لە کۆتایی گوتەکانیدا ئاوات محەمەد سەبارەت بە مارکێت و مینی مارکێتەکانی گەڕەک و کۆڵانەکان گوتی "پێشتریش ئاگادارمان کردوونەتەوە، بەڵام لەمڕۆ بەدواوە جارێکی دیکە مارکێت و مینی مارکێتەکان ئاگاداردەکەینەوە: بەهیچ جۆرێک رێگەیان پێنادرێت ئاو لە شوێنێکدا هەڵبگرن کە تیشکی خۆر لێی بدات یان شوێنێک پلەیەکی گەرمی زۆری هەبێت و بگاتە سەروو 25 پلەی سەدی. لە هەر شوێنێک ئەو حاڵەتانە بەدی بکەین، شوێنەکە دادەخەین و رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگرینە بەر".

 

هـ.ر.